بوار، تایبەت بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ڕاگەیاند كە مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن بۆ داواكردنی مووچەكانیان لەكاتێكدا ماوەی دوو مانگە مووچە دواكەوتووە. زیاد جەبار، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری بوار ئامادەیی بوو ڕایگەیاند: لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئێمە لەیەكێتی لەهەوڵدا بووین بۆ ئەوەی گرفتی مووچە لەنێ,ان هەرێم و بەغدا نەمێنێت، بەڵام تا ئێستا ئەو گرفتە چارەسەر نەكراوە و لە ئێستاشدا ماوەی دوو مانگە مووچە دابەشنەكراوە. لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری بوار بەرپرسەكەی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی ئەوەی خستەڕوو، فەرمانبەران و مامۆستایان مافی خۆیانە خۆپیشاندان بكەن بۆ داواكاری خەرجكردنی مووچەكانیان، جیاوازی ئێمەش لە یەكێتی لە گەڵ حزبەكانی دیكە ئەوەبووە كە هەمیشە ویستومانە ئەو گرفتە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی زۆرێك لە ناوەندەكانی خوێندن و بەشێكی داموودەزگاحكومەییەكان لە سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیان كردووە و پەیامەكەی ئەمڕۆی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیش بەهەڵكردنی گڵۆپی سەوز دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە سنوری سلێمانی بۆ فشار خستنە سەر حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران.