گرنگ

داهاتی پێنج مانگی دەروازەی پەروێزخان نەگەڕاوەتەوە بۆ حکومەت

2024-12-09

 

لە پێنج مانگی ئەمساڵ هیچ داهاتێکی دەروازەی پەروێزخان نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە هەمان شێوە هیچ داهاتێکی دەروازەکە بۆ حکومەت نەگەڕاوەتەوە. بەپێی بەدواداچوونێکی بوار، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ۹٤ ملیار و ۷٤۰ ملیۆن دینار وەک داهاتی دەروازەی گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت و بریتیە لە داهاتی مانگەکانی دوو و سێ و پێنج و هەشت  و نۆ  و دە، بەڵام  لە مانگەکانی یەک و چوارو شەش و حەوت و یانزە هیچ داهاتێک نەگەڕاوەتەوە بۆ حکومەت و لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا هیچ داهاتێکی دەروازەکە لە گەنجینەکانی هەرێم تۆمار نەکراوەو پێدەچێت داهاتی نەگەڕاوە ببێتە داهاتی شەش مانگ. لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ کە داهاتی دەروازەکە گەڕاوەتەوە تێکڕا مانگانە داهات نزیکەی بیست ملیار دینار بووە، بەڵام لە مانگی نۆ و دە داهاتی گەڕاوە لە نیوە کەمتر بووە. بەپێی زانیاریەکانی بوار داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت بەم جۆرە بووە: مانگی دوو  ۱۹ ملیار و ٤۰٦ ملیۆن دینار مانگی سێ  ۲۱ ملیار و ٥۷۷ ملیۆن دینار مانگی پێنج  ۲۲ ملیار و ۱۳۲ ملیۆن دینار مانگی هەشت ۱۹ ملیار و ۱۰٤ ملیۆن دینار مانگی نۆ  پێنج ملیار و ۱۱۹ ملیۆن دینار مانگی دە  ۷ ملیار و ۳۹۹ ملیۆن دینار  لە چەند ساڵی ڕابردوو داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دوو هێندە یان زیاتر بووە لە داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هەریەک لەو دوو دەروازەیە نزیکەی ۹٤ ملیار و۷٥۰ ملیۆن دینار داهاتیان بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە بەجۆرێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا  داهاتی باشماخ پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو ۷ ملیۆن دیناری زیاترە لە داهاتی پەروێزخان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color