گرنگ

بەپێی ئامارەکانی سەرژمێری، 649 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە هەرێم چۆڵن

2024-12-13

 

بەپێی ئامارەکانی سەرژمێری عێراق کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ئەنجام درا، نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێم زیادەیە. لە داتاکانی سەرژمێری لە هەرێم چەند ئامارێک بەدەست هاتوون جێگای گومان و سەرسوڕمانن. بەپێی داتاکانی سەرژمێری نەک قەیرانی نیشتەجێبوون بوونی نییە لە هەرێم، بەڵکو نزیکەی نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە ژمارەی خێزانەکان زیاترن و چۆڵن. لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێم دوو ملیۆن و ۲٨ هەزار و ۹۳۷ یەکەی نیشتەجێبوون تۆمارکراون. لە هەمانکاتدا ژمارەی خێزانەکان لە هەرێم یەک ملیۆن و ۳۷۹ هەزار و ۱٦۳ خێزانە. بەو پێیە ٦٤۹ هەزار و ۷۷٤ یەکە زیاترە لە ژمارەی خێزانەکان. بە لەبەرچاو گرتنی بوونی نزیکەی ۱٥۰ هەزار بینای حکومی و بازرگانی و کارگەو کۆگا و سەربازگە هێشتا نیو ملیۆن یەکە لە ژمارەی خێزانەکانی هەرێم زیاترە. ژمارەی ئەو خێزانانەی کرێ نشینن لە هەرێم بەنزیکەی ۲۰۰ تا ۲٥۰ هەزار خێزان دەخەمڵێنرێت. ژمارەی تاکەکانی ئەو خێزانانە نزیکەی ملیۆنێک کەس دەبن و لە هەرێم قەیرانێکی گەورەی نیشتەجێبوون هەیە، بەڵام داتاکانی سەرژمێری نەک پێچەوانەیە بەڵکو نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی زیاد لە هەرێم هەیە کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێ دەکرێت. جیاوازی داتاکان لەگەڵ واقیعدا گومانی زۆری لەسەر سەرژمێری دروستکردووە بەو پێیەی دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ڕۆژ بەسەر تۆماری هاوڵاتیان و خێزانەکان تا ئێستا داتای دانیشتوانی پارێزگاکان ئاشکرا نەکراوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color