#بوار
سەركردە دیارەكانی سووننە لە عێراق بەیاننامەیەك بڵاودەكەنەوەو دەیانەوێت بە سوود وەرگرتن لە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد خۆیان ڕێكبخەنەوە.
هەر یەك لە مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی عێراق؛ ئوسامە نوجەیفی، ئەیاد سامەڕائیو سەلیم جبوری سەرۆکانی پێشوی پەرلەمانو د.ساڵح موتڵەگ جێگری پێشوتری سەرۆک وەزیرانو حاچم ئەلحوسنی سەرۆکی پێشوتری ئەنجومەنی نیشتمانیی فیدراڵی؛ ڕاگەیەنداروێکی هاوبەشیان لەبارەی ڕوداوەکانی ئەمدواییەی سوریا بڵاوکردووەتەوە.
ئەو كەسایەتییە سووننانە داوای "دیالۆگی نیشتمانی ڕاشکاوانە" بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەستگیرکراوەکان لەزیندانەکاندا دەكەن و پێیان وایە رووداوە یەك لە دوای یەكەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر عێراق دەبێت.
ئەو كەسایەتییە سونیانەی عێراق پێیان وایە "دیالۆگێکی ڕاشکاوانەو جددی" پێویستە بەر لە هەر هەنگاوێک كە بەرەو گۆڕانی سیاسی لەعێراقدا بنرێت.
لە ڕاگەیاندراوەكەیاندا ئەو كەسایەتییە سونیانە ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە "عێراق لە ناو جەرگەی ڕوداوەکاندایە، ڕوبەڕوی تەحەدای گەورە دەبێتەوە، چونکە هەندێک هێزی دەرەکی هەوڵی پاڵنانی دەدەن بەرەو هەندێک گۆڕان کە ڕەنگە سودی بۆ گەلەکەی نەبێتو ببنە هۆی دوبەرەکیو لاوازی زیاتری حکومەتی عێراق".