پەیجی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە فەیسبوک و تێلگرام یەکەم پەیامی نوسراوی بەشار ئەسەدی دوای جێهێشتنی سوریا بڵاوکردەوە و بە سەرۆک بەشار ئەسەد ناوی دەبات. ئەسەد لە پەیامەکە دەڵێت ”هیچ کاتێک بژاردەکانی چارەسەر لە سووریا وازهێنانی ئەو نەبووە، بەڵکو شەڕی گروپە چەکدارەکان بژاردەی سەرەکی و کۆتایی بووە”. سەرۆک کۆماری هەڵاتووی سووریا ئاماژەی بەوەداوە تاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە لە دیمەشق بووە و کارەکانی خۆی کردووە، بەڵام دوای گەیشتنی گروپەکان بە دیمەشق بە هاوکاری ڕووسەکان دیمەشقی جێهێشتووە و چووەتە بنکەی حمێمیمی سەربازی لە پارێزگای لازقییە. لەوێ ماوەتەوە و دوای کەوتنی سوپا لە هەموو بەرەکان. بنکەی حمێمیم مەترسی لەسەر دروست بووەو هێرشی درۆنی کراوەتە سەر. دواتر ڕووسەکان ڕێگایەکیان دۆزیوەتەوە و لە لازقیەوە بۆ مۆسکۆ ڕۆیشتووە. بەشار ئەسەد دەڵێت ”ڕۆیشتنی بۆ رووسیا پلانی بۆ دانەنرا بوو. تا دوا کاتژمێری کۆتایی شەڕ بەردەوام بووە و ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٨ کانوونی یەکەم سووریای بەرەو ڕووسیا جێهێشتووە. ئەسەد دوای کەوتنی دوا خاڵ و بەرەی سوپا وڵاتی جێهێشتووەو دەڵێت ”هەمیشە رەتمکردووەتەوە لە بەرامبەر مانەوەی خۆم سووریا بەدەستەوە بدەم و پڕۆژەیەکی نیشتیمانم هەبووە نەک پڕۆژەی کەسی”. بەشار لە پەیامەکەی دەڵێت ۱٤ ساڵ شەڕی گروپە چەکدارەکانی کردووە و تا دوا سات لەبەرەی پێشەوەی شەڕ بووە.