لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری و وەزیری دادی حکومەتی هەرێم، ۱٤۳ دادوەر کە دادوەری داواکاری گشتین دژی دانانی سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی و دوو جێگرەکەین لەدەرەوەی دادوەرانی داواکاری گشتی. لە یاداشتی ئەندامانی داواکاری گشتی هاتووە ماوەیەکە پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم و دوو جێگرەکەی چۆڵن و هەوڵێک هەیە دادوەرێک لە ئەنجومەنی دادوەری بکرێتە سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم بە ئینتیداب. داوا دەکەن سەرۆک و جێگرەکانی لە ناو داواکاری گشتی دیاری بکرێن نەک لە دەرەوەی دەزگای داواکاری گشتی دادوەر بهێنرێت و بکرێتە سەرۆک یان جێگر. ئەندامانی داواکاری گشتی ئاماژەیان بەوەداوە تا ئێستا هیچ پۆستێک بە ئەندامانی داواکاری گشتی لە هەرێم و عێراق نەدراوە و دادوەری داواکاری گشتی بۆ هیچ پۆستێک لە هەرێم و عێراق دیاری ناکرێت و ڕەزامەندی نادرێت هیچ دادوەرێکیان بۆ میلاکی دادگا سەرەتاییەکان بگوازرێتەوە کە ئەوە پێچەوانەی یاسای داواکاری گشتی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمە. لە یاداشتی دادوەراندا هاتووە دانانی دادوەر بۆ سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی لە دەرەوەی داواکارانی گشتی کێشە لەناو دەزگای داواکاری گشتی دروست دەکات و ناتوانن مامەڵە لەگەڵ دادوەرێک بکەن بۆچوونی لەسەر کارەکانیان جیاواز بێت و لەناو دەزگاکە کاری نەکردبێت. دەزگای داواکاری گشتی هەرێم لە هەرچوار پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆو قەزاکانی هەرێم ۳۷ نوێنەرایەتی و جێگرایەتی هەیە و زیاتر لە ۲۰۰ دادوەر وەک ئەندامی داواکاری گشتی لە هەرێم هەن.