بوار، تایبەت ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات لە ماوەكانی ڕابردوودا كار بە دوساڵ بە دووساڵ كراوە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، ئەزموونێكی سەركەوتووبووە بۆیە ئێستاش یەكێتی خوازیارە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمان ئەزموون دووبارە بكرێتەوە. لوقمان وەردی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند: ئەزموونی دووساڵ بە دووساڵ بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆكی حكومەت لە رابردوودا سەركەوتوو بوو لە هەرێمی كوردستان و ئەو ركابەرییە وایكرد زۆرترین خزمەتگوزاریی پێشكێشی هاونیشتمانییان بكرێت، بۆیە پێمانوایە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ بەڕێوەبردنی حكومەت زۆر گونجاوە و باشترین بژاردەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی 10ی حكومەتی هەرێم. ئاماژەی بەوەشكردووە،پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی بە هەوراز و نشێویی زۆردا تێپەڕین لە ماوەی رابردوو و ئێستاش گرفتەكان زۆرن و تێپەڕاندن و چارەسەركردنیان كاتی پێویستە، هاوكات لە دوایین كۆبوونەوەیاندا بڕیاریاندا لیژنەیەك بۆ داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێنن و دوای سەری ساڵ لیژنەی هاوبەشی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت كۆدەبنەوە. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەكێتی لەم كابینەیەدا وەك هاوبەشێكی حكومرانی رۆڵی نەبووە، بۆیە نامانەوێت ئەزموونی كابینەی نۆ دووبارەبكەینەوە، چونكە لەم كابینەیە بەشداری حكومەت بووین، نەك هاوبەش و پێویستە یەكێتی لەم كابینەیەی حكومەتدا رۆڵی زیاتری هەبێت و هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بێت.