وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات لە دوای كۆتایی هاتنی پشووی سەری ساڵ و بەدیاریكراوی لە 7/1/2025 هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ بۆ جاری سێیەم كۆدەبنەوە. مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمیدیای حزبەكەی ڕایگەیاند: لە دوای كۆتایی هاتنی پشووی سەری ساڵی نوێ و بەدیاریكراوی لە 7/1/2025 هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ بۆ جاری سێیەم كۆدەبنەوە و تاوتوێی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەكەن. ئەوەش لەكاتێكدایە كە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە هەردوو شاندی پارتی و یەكێتی لە پیرمام كۆبوونەوە و بەپێی ڕاگەیێنراوی هاوبەشی هەردوولا، ڕێككەوتوون كار لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش بكەن بۆ دانانی بنەماكانی حكومڕانی كوردستان بۆ قۆناغی ئاییندە، بۆئەومەبەستەش لیژنەیەكی هاوبەش پێكهێنراوە و كار لەسەر ئامادەكردنی ڕەشنووسی بەرنامەی كۆبوونەوەی داهاتوو دەكەن.