بوار، بەدواداچونی تایبەت
15 ساڵ لەمەوبەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی "نهێنی"دا فەرمانی داوە بە دابەشكردنی 250 مەتر زەوی بۆ وارسی شەهیدان لە كوردستان، بەڵام بە وتەی كەسوكارێكی شەهید، لەلایەن شارەوانی سلێمانیەوە تەنها 150 مەتریان پێدراوە ئەوەش بە پاساوی ئەوەی "ئەم كەمكردنەوەیە بۆ نەبوونی زەوی" دەگەڕێننەوە، هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی سلێمانیش بەڵێننامەیان بە كەسوكاری ئەو شەهیدانە پڕكراوەتەوە كە بەو (150) مەتر زەوییە "رازین"، بەڵام ئەو كەسوكاری شەهیدە دەڵێت "پڕكردنەوەی بەڵێننامە بۆ وەرگرتنی 150 مەتر وەك فێڵ تەماشا دەكەین و نایاساییە".
بەپێی فەرمانێكی نهێنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە 1867 لە بەرواری 9ی7ی 2009 كە واژووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە و وێنەی دەست (بوار) كەوتووە هاتووە "بڕیارماندا بە تەرخانكردنی پارچە زەوییەكی نیشتەجێبوون بەڕووبەری 250 مەتر بۆ هەریەك لە وارساتی شەهیدانی سەنگەری سنووری پارێزگاكانی (هەولێر، دهۆك، سلێمانی، كەركوك) هەریەك لە سنوری نیشتەجێبوونیان زەوی پێبدرێت بەپێی ئەو لیستانەی كە هاوپێچی نووسراومانە كە پێكهاتوون لە لیستی شەهیدانی سەنگەری ئیدارەی پێشووی هەولێر و سلێمانی و لیستی سەنگەری پارتەكانی تری كوردستان".
لە هاوپێچیشدا هاتووە، یەكەم، لیستی ناوەكانی ئیدارەی پێشووی سلێمانی ژمارەیان 4 هەزار و 381 ناو بە 12 لیست، دووەمیش لیستی ناوەكانی ئیدارەی پێشووی هەولێر و لیستی پارتە سیاسییەكان ژمارەیان 6 هەزار و 549 ناو كە بریتییە لە 9 لیست.
دواتر سەمیر عەبدوڵا مستەفا، وەزیری پێشووتری شارەوانی و گەشت و گوزار لە رۆژی 25ی 5ی 2011، لە نووسراوێكدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان داوای جێبەجێكردنی ئەو فەرمانەی نێچیرڤان بارزانی و تەرخانكردنی زەوی بۆ وارسی شەهیدان كردووە.
لە نووسراوێكی دیكەی وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان بە ژمارە 2373 لە رۆژی 10ی 5ی 2011 كە واژووی د.كاوە مەحمود، وەزیری شەهیدان بە وەكالەتی لەسەرە، ئاڕأستەی وەزارەتی شارەوانی كردووە بۆ تەرخانكردنی زەوی.
هەروەها بەپێی نووسراوێكی دیكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی كە واژووی یوسف یاسین، سەرۆكی پێشووی شارەوانی لەسەرە بە ژمارە 20-4787 لە 7ی 5ی 2017، ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی\2ی كردووە بۆ تەرخانكردنی زەوی.
لە نووسراوەكەدا هاتووە "بەپێی فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و نووسراوی وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی كاروباری شەهیدان، بڕیاردرا بە تەرخانكردنی پارچە زەوی ژمارە (...) كەرتی (م4 ولِوبە) بۆ شەهید (... ) كە رووبەڕووەكەی (150) مەتر دووجایە بەبێ بەرامبەر بۆ گشت رووبەڕەكەی.، تكایە كاری پێویست بكرێت بۆ تۆماركردنی بەناوی وارسی شەهیدی ناوبراوەوەوە بەپێی یاسا".
لەو بارەیەوە عوسمان گوڵپی، كەسوكاری شەهید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پێنج رووەوە "فێڵ و ستەم و بێ بەها تەماشاكردن" لە كەسوكاری شەهیدان كراوە بەم شێوەیە..
یەكەم: كەسوكاری شەهیدان بەپێی یاسا و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران رووبیڕی زەوی دیاریكراوە بۆ هەر شەهیدێك 250 مەتر، بەڵام شارەوانی و شەهیدان هاتوون رووبەری ئەم زەویانەیان بۆ 150 مەتر كەمكردۆتەوە، لە هەندێك شوێن 180 مەتر زەویان دابەشكردووە.
ئەم كەمكردنەوەیەیان بۆ نەبوونی زەوی بە رووبەڕووی 250 مەتر گێڕاوەتەوە، لەكاتێكدا ئەم پاساوە زۆر لاواز و بێ بنەمایە، چونكە لە دوای ئەو زەوییانە بەو رووبەڕە كەمە دراوەتە كەسوكاری شەهید، چەندین پارچە زەوی تر بۆ شوێنی تر دابینكراوە بەڕووی 200 مەتر و زیاتریش، هەمان شارەوانی كە لە ساڵی 2014دا كە پاساوی نەبوونی زەوی هێناوەتەوە، دەیان زەوی تری تەرخانكردووە بۆ كۆمپانیاكان و رەزامەندی داوە.
دووەم: شوێنی پێدانی زەوییەكان
شارەوانی سلێمانی لە هەندێك شوێن زەوی دابینكردووە بۆ بەشێك لە كەسوكاری شەهیدان كە خراپترین و دوورترین شوێنەكانی شار بوون بە جۆرێك لە 10 ساڵی رابردوودا هیچ دابەشكردنێكی زەوی نەكەوتۆتە دوورتر لە ئەوان بە پێچەوانەی هەزاران زەوی لە شوێنە باشەكانی شار دراونەتە توێژی تر، بەتایبەت دامەزراوە ئەمنییەكان، هەرچەندە هەموان شایەن بە زەوی نیشتەجێبوونن، بەڵام ناكرێت لە 2014دا شارەزانی بڵێت زەویمان نییە لەو شوێنە دوورە دەستانە نەبرت، بەڵام لە 2020دا زەوی زۆر نزیكتر دابەش بكات.23:40