بوار، تایبەت بەگوێرەی بڕیارێكی دادگای كەرخ لە بەغدا گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە هەموویان پێش بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ كراون دروست و جێبەجێكراو و پابەندكەرن بۆ هەردوو لایەن، هیچ لایەنێكی دیكەی دەرەوەی گرێبەستەكە ناتوانێت ناڕەزایی دەرببڕێت، ئەو بڕیارەش دوای تۆماركردنی سكاڵایەك دێت لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمەوە. ئەمڕۆ یەك شەممە پێگەی عێراق ئۆیل بڵاوی كردەوە، كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان لە دادگای كەرخ، سكاڵایەكیان لە حكوومەتی عێراق بردووەتەوە، كە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆماریان كردبوو، ئەو كۆمپانیانەی سكاڵایان تۆمار كردبوو، بریتی بوون لە ئەداكس، دانا گاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نێفت، جێنێل ئینێرجی، گالف كیستۆن، ئێچ كەی ئێن ئینێرجی، شاماران و وێستەرن زاگرۆس. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی بڕیارەكە لە ئەنجامدا گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە هەموویان پێش بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ كراون دروست و جێبەجێكراو و پابەندكەرن بۆ هەردوو لایەن، هیچ لایەنێكی دیكەی دەرەوەی گرێبەستەكە ناتوانێت ناڕەزایی دەرببڕێت. پێگەكە ئەو بردنەوەیەی بە سەركەوتنێكی گەورەی كۆمپانیاكان بەرانبەر وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراق وەسف كردووە، بەهۆی ئەوەی پێشتر وەزارەتەكە چەندان گرێبەستی كۆمپانیاكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە هۆی چوونی پارەیەكی زۆری داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكان هەڵوەشاندبووەوە.