بوار، تایبەت پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی چارەسەرنەكردنی گرفتەكانی لیستی مووچە وتەوتنیننەكردنی مووچەی فەرمانبەران، لە ساڵی نوێ گرفتەكانی مووچە بەردەوامییان دەبێت و هاوكات تا ئیستاش چارەنووسی دوو مووچەی ئەمساڵ نادیارە. غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە: عێراق 613 ملیار دیناری بۆ مانگی 11 ناردوە، ئەگەر وەزارەتی دارایی ئەو 430 ملیار دینار كە (مناقلە)یە لە خشتەكانی بودجە بۆ سەر موچەی هەرێم بگوازێتەوە و لەگەڵ ناردنی 670 ملیار دینار بۆ مانگی 12 ئەوا ئەوكات موچەی هەردو مانگەكە دەدرێت، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە تازە لیستی موچەی مانگی 12 لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا نێراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، كێشەكانی موچە و داواكاریەكانی بەغدا بەم جۆرەن، بۆ موچە خۆران كە پێویستە، بایۆمیتری و (UPN)واتا ژمارەی كەسی بێ هاوتا و لەگەڵ ژمارەی وەزیفی و كارتی نیشتیمانی وبەرواری دامەزراندن، دەبێت لە لیستەكاندا هەبێت كە لە پرۆسەی تەرازوی پێداچونەوە (میزان مراجعە) بە شاندەكەی حكومەتی هەرێم دراوە، ئەو زانیاریانە لەگەڵ لیستەكانی موچە نەبێت، ئەوا موچەی ساڵی 2025یش هەر بەم شپرزەییە دێت. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وتووە كە لەدواین كۆبونەوەی نێوان هەردو وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم داوای تەرازوی پێداچونەوە بۆ مانگەكانی 1 بۆ 11ی ساڵی 2024 لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا كراوە، سێ تەكنیكاری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ پرۆسەكە هاتونەتە هەرێمی كوردستان و دوێنێ یەكشەممە كۆتایی بە كارەكانیان هاتوە، هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق پارەی موچەی مانگەكانی 10 و 11ی بە ناتەواوی ناردوە و نزیكەی 600 ملیار دینار كورتهێنان هەیە، بۆیە گرفت بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 11 دروستبوە و ئایندەی موچەی مانگی 12ش ناڕونە.