#بوار ئەمڕۆ لە شاری بەغداوە رۆژی یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی ئەنجومەنی پاڕێزگایە. بڕیارە ئەمڕۆ، ۲٤ی کانونی یەکەم، دادگای کارگێڕی بڕیاری کۆتایی لەسەر سکاڵای هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی بدات لەبارەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن کە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە ئوتێل ڕەشیدی بەغدا لە شەوی ۱۰ی مانگی ئابی ئەمساڵ هەڵبژێردران. دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی سکاڵای هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی ڕەتکردەوە دژی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک ئەو دوو لایەنە چاویان لە دادگای کارگێڕییە تا بڕیار لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک بدات. دوێنێ ۲۳ی ۱۱، پارێزگاری کەرکوک و جێگرەکانی و تیمەکەی بەسەردانێک لەبەغدا بوون لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبونەوە و لەهەمانکاتدا هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لەڕێگای جیاوازەوە لەهەوڵدان دادگای کارگێڕی لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیار بدات بە تایبەت پشت ئەستورن بە دۆخی نوێی ناوچەیی و داکشانی هەژموونی ئێران و زیاد بوونی باڵا دەستی تورکیا.