گرنگ

هەواڵێکی خۆش بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ژنی دووەم بێنن

2024-12-24

 

بوار، تایبەت
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەمساڵ سكالایەك لەسەر بابەتی قەدەغەی فرەژنی لەهەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكالای یاسایی تۆماركراو دواتر سكاڵاكارەكە لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی سكالاكەی كشاندەوە، ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئەو سكاڵایە لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆماركراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان نەیویستووە ناوی بلاوبكرێتەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی لە رێگەی دوو پارێزەرەوە سكالایەكی لەدژی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە كە لە سكاڵاكەیدا وەك زەرەرمەندێك لە هەمواری یاسای باری كەسێتی لەهەرێمی كوردستان داوای كردووە ئەو هەموارە هەڵبوەشێنرێتەوە و ڕێگە بەفرەژنی بدرێت.
 
ئاماژەبەوەشكراوە، سكاڵاكار داوا دەكات مادەی یەكەمی هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 15ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی كوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، بەو پێیەی بەگوێرەی سكاڵانامەكە، ئەو مادەیە پێچەوانەی بنەما جێگیرەكانی شەریعەتی ئیسلامە، هاوكات ئەو كەسەی سكاڵاكەی كردووە هاوسەرگیری دووەمی كردووە و هاوسەری یەكەمی بە پشتبەستن بەو هەموارەی یاساكە لە دادگا داوای جیابوونەوەی كردووە.

بوار ئەوەشی زانیوە كە مەرجەكانی هاوسەرگیریی دووەم لە هەرێم ئەوەیە كە دەبێت ژنی یەكەم لە دادگا رەزامەند بێت، پیاوەكە توانای دارایی ئەوەی هەبێت زیاتر لە ژنێكی هەبێت و بەڵێننامەیەكیش بنووسێت كە دادوەر دەبێت لەنێوان ژنەكانیدا، ئەگەر ژنهێنانی دووەم پێچەوانەی مەرجەكان بێت سزا دەدرێت و دادوەریش توانای راگرتنی ئەو سزایانەی نییە، كە بەندكردنە تاوەكو ساڵێك لەگەڵ پێبژاردن بە بڕی 10 ملیۆن دینار.

بەڵام مادەی 7ی یاسای باری كەسێتی كە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق كاری پێدەكرێت، تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتی ژنی دووەم بهێنێت كە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنی 18 ساڵی و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەكە بدات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color