حکومەتی عێراق لە ماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ١١ تریلیۆن دیناری بۆ حکومەتی هەرێم ناردووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دارایی عێراق، کە کۆی خەرجی عێراقی بۆ ۱۰ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاو کردەوە تێیدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە بڕی ۱۰ تریلیۆن و ۹۰۱ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لەو بڕە نۆ تریلیۆن و ٦٦۱ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران نێردراوە کە ۷ تریلیۆن و ٦٨٨ ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی بووە و تریلیۆنێک و ۹۷۳ ملیار دیناری بۆ خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان بووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق یەک تریلیۆن و ۲٤۰ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ خزمەتگوراری و کڕینی پێداویستی حکومەت و چاکسازی فەرمانگەکان. دیار نییە ئەم پارەیە نێردراوە یان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ بەشێوازی مەقاسە پاکتاو کراوە.