#بوار ماوەی دوو هەفتەیە نرخی غازی LPG لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و نرخی هەر لیترێکی ٥۰ تا ۷٥ دینار زیادی کردووە. بەپێی زانیارییەکانی بوار، لە کار کەوتنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە سوریا بەهۆی ڕووداوەکانی ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە خواستی زۆر لەسەر غاز هەیە و نرخەکەی بەرز بووەتەوەو لە هەرێم و ناوچەکانی تری عێراقەوە غاز بەقاچاخ بۆ ئەو وڵاتە دەبرێت. بەهۆی بەقاچاخبردنی غازەوە مەترسی هەیە لە مانگی یەک و دوو کە زۆرترین خواست لەسەر غاز هەیە غازی پێویست بەردەست نەبێت و قەیران دروست بێت. زستانی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی فرۆشتنی بەشی زۆری غازی LPG بەرهەمهاتوو بەشێوەی بازرگانی، قەیرانی غاز لەهەرێم دروست دەبوو. بۆ بەرگرتن لەو قەیرانە پارێزگای هەولێر ئەمساڵ غاز لەڕێگای ریکارەکانی فرۆشتنی غازەوە بەکۆبۆن دابەش دەکات بەجۆرێک هەر خێزانێک مانگانە دوو بوتڵی غازی پێ دەدرێت. کێڵکەی کۆرمۆر تاکە سەرچاوەی دابینکردنی غازی LPG یە لەهەرێم و ڕۆژانە هەزارو ۱۰۰ تەن غاز بەرهەم دەهێنێت و نزیکەی ۷۰۰ تەنی پشکی پارێزگاکانە بۆ غازی ماڵان و ئەوی تری بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشرێت.