#بوار ڕۆژی ۱۲ی ۱۲ی ئەمساڵ، بەفەرمانێکی وەزیری ناوخۆی هەرێم لیوای سێی نەوت و گاز کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکانە دەکرێتە دوو لیوای نوێ و لیوای چواری پۆلیسی نەوت و گاز دروست دەکرێت. لیوا نوێیەکە بریتیە لە دابەشکردنی لیوای سێ بۆ دوو لیوا کە ژمارەی ئەفسەر و ئەندامانی لیواکە نزیکەی سێ هەزار و پێنج سەد کەسە. هەزار و ۷۳۰ ئەفسەر و کارمەندی جیاکراونەتەوە لە ژێر ناوی لیوای چوار. بارەگای لیوای چوار لە نزیک شارۆچکەی عەربەت دەبێت لە سنوری سلێمانی و بڕیارە دواتر ببرێتە گەرمیان و بارەگای لیوای سێ لە تاسڵوجە دەبێت. پێشتر دوو لیوای پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکان هەبوون و لیوای دوو پۆلیسی سنوری یەکێتی بوون دواتر گۆڕدرا بۆ لیوای سێ، بەڵام ئێستا چوار لیوا هەن دوو لیوایان لە سنوری ژێر کۆنترۆڵی پارتی و دوو لیوایان لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدان. ژمارەی ئەفسەر و ئەندامانی هەر چوار لیواکە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکان حەوت هەزار و ۹۹٦ کەسە. لەو ژمارەیە نزیکەی چوار هەزار و پێنج سەد کەسیان لە دوو لیواکەی پارتی و نزیکەی سێ هەزار و پێنج سەد کەسیان لە دوو لیواکەی یەکێتیدان. هەرچەندە نزیکەی هەشت هەزار کارمەند ئەرکی پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکان دەبینن، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لەلایەن کۆمپانیا سکویریتیەکانەوە پاسەوانی دەکرێن.