ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم (هەژماری من)ی بۆ ڕێکخستنی مووچە داناوە و ئەوەش جێبەجێ دەکرێت، نەک تەوتین. سەبارەت بە لێدوانێکی زیاد جەبار، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی کە رایگەیاندبوو، پەرلەمانتارەکانیان لە بەغداد ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی تەوتینی مووچە، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی لە لێدوانێکدا بۆ بوار رایگەیاند "کاک زیاد بەناوی خۆی و حیزبەکەی قسەی کردووە، بەڵام ئێمە رێگە بە خۆمان نادەین بەناوی حیزب قسە بکەین، هەروەها ئێمە سەیر دەکەین بڕیار و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم کە ئیدارەی هەرێم و خەڵکەکەی دەکات بڕیار دەدات هەژماری من دەبێتە کەرەستەی دابەشکردنی مووچە، ئێمەش پاڵپشتی هەژماری من دەکەین". دەربارەی ئەوەش کە بۆچی ئەوەندە دژی عێراق لێدوان دەدات، هەرسین روونیکردەوە "من دژی حکومەتی عێراق نیم، بەڵام دەڵێم وەک چۆن لە هەموو وڵاتانی عەرەبیدا زۆر دەوڵەتی ناعەرەبی دەپاڕێنەوە بۆ مافی خەڵکی فەلەستین کە میللەتێکی بێ دەوڵەتە، ئەی ئێمە چ جیاوازییەکمان لەگەڵ میللەتی فەڵەستین هەیە". ناوبراو وتیشی "خۆ ئێمەیش دەوڵەتمان نییە، وەک دەوڵەتمان پێ رەوا نابینن، قوتەکەشمان پێ رەوا نابینن؟ ئەمە تووڕەبوونێکە لەوەی داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆی دەکات کە پێی رەوا نابینن".