گرنگ

وەبەرهێنەرەکانی سلێمانی ناچارکراون زیاتر لە ٨ ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزاری سیتییەکان خەرج بکەن

2024-12-26

 

قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ئاشکرایکردووە، لە شەش مانگی رابردوودا وەبەرهێنەرەکانی سلێمانی ناچار کراون بە بڕی ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار، خزمەتگوزاری لە سیتییەکان جێبەجێ بکەن. بەگوێرەی راگەیەنراوی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان و لیژنەی سیتییەکان کۆبووەوە بۆ باسکردن لە کاری لیژنەکە و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە سیتییەکاندا پێشکەش دەکرێن. ئاوات محەمەد، پێی راگەیاندون، کارەکانی ئەم لیژنەیە پەیوەندی بە ژیانی هەموو ئەو کەسانەوە هەیە کە لە سیتییەکاندا نیشتەجێن، هەربۆیە بەهۆی کارە بەردەوامەکانتانەوە لە زۆرێک لە سیتییەکان کوالێتی خزمەتگوزارییەکان بەرزبونەتەوەو وەبەرهێنەران ناچارکراون پابەندی رێنماییەکان و جێبەجێکردنی نەخشەی بنەڕەتی پرۆژەکە بن. هەروەها هەرێم فاروق، سەرۆکی لیژنەی سیتییەکان لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا سەردان و بەدواداچونیان بۆ خزمەتگوزاری زۆربەی سیتی و تەلارە بازرگانییەکان کردووە، لەو شوێنانەی کەموکوڕی هەبوبێت وەبەرهێنەکەیان ناچارکردووە چارەسەری بکات. ناوبراو وتیشی، بە پلەی یەکەم چاودێری (رووبەری سەوزای، سکیوریتی، پاکوخاوێنی، نرخی ئاوو کارەبا، خزمەتگوزاری مەسعەدو شەقام و شۆستەکان، لایەنی سەلامەتی) دەکەن. هەرێم فاروق روونیکردەوە، بەپێی ئەو راپۆرتەی لیژنەی سیتییەکان خستییە بەردەستی قائیمقامی سلێمانی، لەماوەی شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵدا بە بەهای (٨) ملیۆن و نیو دۆلار وەبەرهێنەکانیان ناچار کردووە خزمەتگوزاری و چاکسازی لەنێو سیتییەکان ئەنجام بدەن کە هەمووی چۆتە خزمەتی دانیشتوانەکەیەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color