وابڕیارە سبەی هەینی لە چوار شەقامی سەركی هەولێر ڕاكردنی بەكۆمەڵ بەڕێوەبچێت، بۆ ئەومەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سبەی هەینی چوار شەقامی سەرەكی لە سەنتەری پارێزگای هەولێر بەشێوەیەكی كاتی دادەخات. لە ڕاگەیەندراوێكی هاتووچۆی هەولێر ئەوەهاتووە كە شۆفێران و هاوڵاتییان ئاگادار دەكەینەوە كە سبەی هەینی، راكردنی بەكۆمەڵ لە شەقەمەكانی چواردەوری پاركی (شەهید سامی عەبدولرەحمان) ئەنجامدەدرێت، بەوهۆیەوە لە كاتژمێر حەوتی بەیانی تا كاتژمێر یەكی دوایی نیوەڕۆ دادەخرێن. ئاماژەبەوەشكراوە، شەقامی 60 مەتری بەرامبەر پەرلەمان تا رێگای موسڵ، سێ ڕیانی دارایی تا كۆتایی شورەی پارك، شەقامی 40 مەتریی رێگای موسڵ تا چوار ڕیانی فیدڕاڵ بەرامبەر هۆڵی مامۆستا سەعد، لەگەڵ شەقامی زاگرۆس تاوەكو شەقامی 60 مەتری دادەخرێن. هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشهاتووە، شەقامەكان تەنها سایدی ناوەوە، واتە تەنیشت پارك دادەخرێن، هاتووچۆ لە سایدی دەرەوە ئاسایی دەبێت، داواشی لە شۆفێران كردووە لەكاتی ئاماژە پێكراودا ئەو شەقامانە بەكارنەهێنن و شەقامی جێگرەوە بەكاربهێن.