ئەندامێكی پەرلەمانی عێڕاق ڕوونكردنەوە لەسەر دابەشكردنی زەوی بەسەر پاسەوانانی سنوور لەلایەن عێڕاق و هەرێم دەدات و جەخت دەكاتەوە گەر زەویییان پێ نەدرا قەرەبوی ماددی وەردەگرن. د.موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لەپاسەوانانی سەر سنووری سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەهەرێمی كوردستان پەیوەندییان پێوە كردم بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕیارێكی حكومەتی عێراق كە بڕیاریداوە هەموو پاسەوانێكی سەر سنوورلە پارێزگاكەی خۆی پارچەیەك زەوی پێ بدرێت، دوای دەرچوونی بڕیارەكە لەلایـەن حكومەتی عێراقەوە دەبێت حكومەتی هەڕێم هەمان ماف دابین بكا بۆ پاسەوانانی سنوور لەپارێزگاكانی هەڕێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دەڕبڕیوە كە پارچەیەك زەوی بدا بە پاسەوانانی سنوور وەك سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی عێراق، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت و زەوییان پێ نەدا، ئەوا بەپێی یاسا دەبێت قەرەبوویەكی ماددی بدرێت بە پاسەوانانی سنوور كەلەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن و لەكاتی خۆیدا بڕی ئەو قەرەبووە دیاری دەكرێت. ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، ئەگەر بابەتەكە لەدابین كردنی زەوی گۆڕا بۆ قەرەبووی ماددی، ئەوا ئەو قەرەبووە مادییە بە حكومەتی هەرێم دابین ناكرێت ڕاستەوخۆ بەپاسەوانانی سنوور خۆیان ئەدرێت، چونكە پاسەوانانی سنوور لەڕووی مادیەوە هیچ پەیوەندیان بە حكومەتی هەڕێمی كوردستانەوە نییە.