بوار، تایبەت
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ئاماژە بەوەدەكات گرفتە داراییەكان نەبونەتە هۆی لاوازبونی خزمەتگوزاریەكانمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، هاوكات تەنها دوێنێ 21 نەخۆشی توشبوون بە شێرپەنجە تۆماركراون و 75 نەخۆشیش لە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی هیوا خەوێندراون.
د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا راگەیاند: ئێمە هێشتا توانیومانە خزمەتگوزاریەكان لە ئاستێكی باڵادا پێشكەش بە توشبوانی شێرپەنجە بكەین و گرفتە داراییەكان نەبونەتە هۆی لاوازبونی خزمەتگوزاریەكانمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تەنها دوێنێ 21 نەخۆشی نوێ لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراون، هەزار و 200 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردوە، هاوكات دوو هەزار و 300 پشكنینی تاقیگەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆش ئەنجامدراون، 740 نەخۆش سەردانی دەرمانخانەیان كردوە دەرمانیان وەرگرتوە، 83 نەخۆش پشكنینی تیشك و سۆنەر و ئیكۆیان بۆ كراوە، 150 نەخۆش چارەسەری كیمیاییان وەرگرتوە و 52 نەخۆش چارەسەری ڕۆژانەیان وەرگرتوە.
بەڕیوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشیخستۆتەڕوو، هەردوێنێ 75 نەخۆش لە بەشی فریاكەوتنی خێرا داخڵ بوون، 73 نەخۆش لە قاوشە جیا جیاكانی نەخۆشخانە داخڵ كراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتوە، 10 نەخۆش پشكنینی مۆخی ئێسكیان بۆ ئەنجامدراوە، هەروەها لەسەنتەری چاندنی مۆخی ئێسك پێنج نەخۆش سەردانی كردوە لەهەمانكاتدا 15نەخۆش چارەسەری ددانیان بۆ ئەنجام دراوە