بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە لەبەردەست وەزارەتی دارایی عێراق بۆ یەکەمجار لە عێراق مووچەی فەرمانبەران دوا دەکەوێت و کێشە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دروست دەبێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی دارایی کە خەرجی و داهاتی دە مانگی یەکەمی ئەمساڵی عێراقی لە خۆگرتووە بۆ یەکەمجار قەبارەی خەرجی عێراق مانگانە ۱۲ تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت و حکومەت ناچارە کۆی ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت خەرجی بکات. بەپێی ڕاپۆرتی دارایی خەرجی و داهات لە ماوەی دە مانگی ڕابردوو حکومەتی عێراق ۱۲۲ تریلیۆن و ۷۲۰ ملیار دیناری خەرج کردووە. کە بۆ هەر مانگێک ۱۲ تریلیۆن و ۲۷۰ ملیار دینار دەکات لە کاتێکدا لە کاتێکدا داهاتی فرۆشتنی نەوت لەو دە مانگەدا ۱۰٨ تریلیۆن دینار بووە. بەهۆی زۆری خەرجیەکانی عێراق بۆ یەکەمجارە حکومەت ڕووبەڕووی قەیرانێکی لەو شێوەیە دەبێتەوە نەتوانێت نەختینەی پێویست دابین بکات. شەوی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتی کردەوە قەیرانی نەختینە لە بانکەکاندا هەبێت، بەڵام ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لە کێشەی نەبوونی نەختینە لە عێراق کردەوە.