گرنگ

 گرنگ

دەستەی مافی مرۆڤ: دانیشتوانی چوار قەزاو 13 ناحیەی هەولێر بەدەست نەبونی چەندین خزمەتگوزاری سەرەتاییەوە دەناڵێنن

2021-08-03

 

دەستەی مافی مرۆڤ:
دانیشتوانی چوار قەزاو 13 ناحیەی هەولێر بەدەست نەبونی چەندین خزمەتگوزاری سەرەتاییەوە دەناڵێنن

بوار نیوز، تایبەت
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیانی نیشتەجێی قەزای (سۆران، مێرگەسۆ، ڕەواندزو چۆمان) بەدەست چەندین کێشەی خزمەتگوزاری سەرەتاییەوە دەناڵێنن، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیانی قەزاو ناحییەکان بۆ هەولێرو شوێنەکانی دیکە، کۆچ دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان کە بۆ ساڵی 2020 ئامادە کراوە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵانێکی زۆرە، کێشەی دانیشتوانی دەڤەری سۆران کە هەر چوار قەزاکە (سۆران، مێرگەسۆر، ڕەواندوزو چۆمان) لەگەڵ 13 ناحیە دەگرێتەوە "چارەسەر نەکراوە".
ڕاپۆرتەکە، باس لەکێشەی (نەبونی نەخۆشخانەو پێداویستییەکانی دەرمان، کێشەکانی ئافرەتان و منداڵان، کێشەی قوتابیان و زیادبونی ماددەی هۆشبەر) لەدەڤەرەکەدا دەکات.
سەبارەت بەکێشەی ئافرەتان لەو دەڤەرە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە: "دیارترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان خۆی لە (خۆسوتاندنی ئافرەتان، خۆخنکاندن، هاوسەرگیری پێشوەختە، دەستدرێژی سێکسی، سواڵکردن، لێدوان، زەوتکردنی منداڵ و ژنهێنانی دوەم) لەدەڤەرەکە دەبینێتەوە، بۆیە لەکاتی ئەو ڕوداوانە کەمتر پەنا دەبرێتە بەر دادگا، بەڵکو بەسوڵحی عەشایری کێشەکان چارەسەردەکرێن".
یەکێکی دیکە لەکێشەکانی ئافرەتان لەدەڤەرەکە، وەکو ڕاپۆرتەکە باسیکردوە "نەبونی شەڵتەری تایبەت بەداڵدەدانی ژنانە. ئەمەش "زۆر جاران کێشەی گەورە بۆ ئافرەتان دروست دەکات و کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە".
سەبارەت بەکێشەی منداڵان لەدەڤەرەکە، ڕاپۆرتی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردوە: "نەبونی ڕێکخراوی تایبەت بەمافەکانی منداڵان و نەبونی یاسایەکی تایبەت بەمنداڵان، هەروەها نەبونی خانەی بێ‌ سەرپەرشتان بۆ منداڵانی بێلانە لەگەڵ کارکردنی منداڵ و سواڵ پێکردنیان لەلایەن باوانیانەوە، لەدیارترین کێشەکانی دەڤەری سۆرانە".
بەپێی ڕاپۆتەکە، لەدەڤەری سۆران بەشێکی زۆری باڵەخانەکانی خوێندن کۆنن و بەکەڵکی خوێندن نایەن، هەورەها ئامێری ساردو گەرمکەرەوە لەهۆڵەکانی خوێندندا نییە، ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ قوتابیان دروستکردوە، هەروەها لەهەندێک ناوچەی سۆران (کابینە) کراوەتە قوتابخانە، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر خوێندکاران جێهێشتوە.
بەپێی ڕاپۆتەکە، لەهەندێک ناوچەی وەکو سیدەکان، قوتابخانەی ئامادەیی نییە، بۆیە قوتابیانی ناچار دەچنە گوندی دورە دەست بۆ خوێندن، لەبەر ئەوەی بەشێک لەقوتابیان واز لەخوێندن دەهێنن، بەهۆی نەکردنەوەی خوێندنی ئێوارانیش خوێندکاران ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن. جگە لەو کێشانە، بۆردومانکردنی ناوچە سنوررەکانی سۆران لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ترس و دڵەڕاوکێی بۆ خوێندکاران و کەسوکاریان دروستکردوە.

"هاوڵاتیانی سۆران، سود لەچارەسەرییە پزیشکییەکان وەرناگرن!"
ڕەوشی تەندروستی لەسۆران، یەکێکی دیکەیە لەو کێشانەی ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بۆ کردوەو تێدا هاتوە: "ڕەوشی تەندروستی لەدەڤەری سۆران لەئاستێکی باشدا نییەو پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت، چونکە ساڵانە خەڵکێکی زۆر زەرەمەند دەبن. کێشەو کەموکوڕییەکانی کەرتی تەندروستی لەدەڤەری سۆران، خۆی لەو خاڵانە دەبێنێتەوە، لەوانە: بەهۆی کەمی کارمەند، زۆرجاران خەڵکی دەڤەری سۆران بەناچاریی ڕو لەنەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن، یاخود ڕێگەیەکی زۆر دەبڕن تاوەکو لەهەولێر چارەسەر وەردەگرن، ئەمەش پێویستی بە خەرجییەکانی زۆر هەیەو ئەرکی هاوڵاتیان و کەسوکاری نەخۆشی قوڕس کردوە".
کەمی دەرمان و پزیشکی پسپۆڕ خراپی کەلوپەلی پزیکشیی لەسۆران، کێشەی گەورەی بۆ هاوڵاتیان دروستکردوە تەنانەت "لە بنکەو نەخۆشخانە حکومییەکان دەرمانی کوالێتی بەرزیان پێنادرێت، یاخود ئەو دەرمانانەیان پێدەدرێت کە کاریگەری بەهێزی نییە، ئەمەش وادەکات هاوڵاتیان سود لەچارەسەرییەکان وەرنەگرن. کەمی پزیشک و نەخۆشخانەو نەمانەوەی پزیشکی پێشکگر، لەو کێشانەن کە هاوڵاتیانی دەڤەری سۆران بەدەستییەوە دەناڵێنن".

"ئێران هەوڵدەدات لەڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکات"
کێشەی زیادبونی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، یەکێکی دیکە لەو کێشانەی هاوڵاتیانی سۆران بەدەستییەوە دەناڵێنن: "لەبەر ئەوەی سۆران هاوسنوری لەگەڵ وڵاتی ئێران، بۆیە چەندینجار بارزگانانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستبەسەر چەندین کیلۆ ماددەی مەترسیداری تلیاک و حەشیش و هێرۆیندا گیراوە".
لەڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوەشکراوە: ئێران هەوڵ دەدات هەرێمی کوردستان لاواز بکات، بۆیە هەمیشە هەوڵ دەدات لەڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە زیانی بەتاکەکانی بگەیەنێت و توشی کێشەی کۆمەڵایەتی و دەرونیان بکات.
کێشەی "چارەسەرنەکردنی" زیندانیانی پۆلیسی سۆران؛ گیراوانی بێزار کردوەو لەڕاپۆرتەکەشدا، باس لەوە کراوە زیندانیانی پۆلیسی سۆران بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن، لەوانە (کەمی کارەبای نیشتمانی بۆتە هۆی بێزاری زیندانیان، هەروەها دابیننەکردنی توێژەری کۆمەڵایەتی و نەبونی بنکەی تەندروستی و نەبونی هەوای پاک و بچوکی باڵەخانەکەو ئەنجامدانی وەرزش و دواکەوتن و خاویی یەکلایی نەکردنەوەی کێشەکانیان لەدادگا، کێشەی گەورەی بۆ گیراوان دروستکردوە".

 

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color