بۆیەكەمجار لەدوای دەستبەكار بوونی حكومەتی نوێی كاتی سوریا، ئەمڕۆ ژنێك پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی سوریای پێسپێردرا، ئەوەش یەكەم ژنە كە پۆستێكی وەها باڵا وەربگرێت لەدوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسد.
ئەمڕۆ دووشەممە میدیا جیهانییەكان بلاویانكردەوە كە حكومەتی كاتی سووریا (مەیسا سابرین)ی بۆ پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی سووریا ڕاسپاردو بەوەش دەبێتە یەكەمین ژن كە لە حكومەتی كاتی سووریا پۆستی باڵای پێدرابێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، بە وەرگرتنی ئەو پۆستە، (مەیسا سابرین) دەبێتە یەكەمین ژن لە مێژووی حەفتا ساڵەی دامەزراوە داراییەكانی سوریادا كە ئەو پۆستە باڵایەی وەرگرتبێت.
مەیسا سابرین، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایە لە بواری ژمێریاریداو 15 ساڵ زیاتر ئەزموونی پیشەیی لە بواری دارایی و بانكدا هەیەو ساڵی 2018 پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگاری بانكی ناوەندی سوریای وەرگرتووە و ئەمڕۆش بە پارێزگای بانكی ناوەندی سوریا دیاریكرا.
دیاریكردنی ئەو ژنە لەو پۆستە باڵایەدا لەكاتێكدایە كە ئابوری سوریا و دراوەكەی كە لیرەی سورییە، بە قۆناغێكی خراپدا تێدەپەڕێت و 100 دۆلاری ئەمەریكی لەسوریا بە زیاتر لە یەك ملیۆن لیرەی سوری مامەڵەی پێوەدەكرێت.