ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات لەم كابینەیەی محەمە شیاع سودانیەدا خەڵكێكی بێشومار دامەزرێنراوە كە ژمارەیان زیاترە لە 178 هەزار كەس ئەوەش بووەتە هۆی بارگرانی بۆ دارایی حكوومەت. د.جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: نەبوونی پارەی نەختینە بەشێكی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵك تا ئێستەش بە پارەی كاش مامەڵە دەكەن و ئەو پارەیەی هەیە لە دەستی حكوومەتدا نییە، زۆرینەی لە دەستی خەڵكدایە، هاوكات نەبوونی متمانەی خەڵك بەبانكەكان وایكردووە هیچ پارەیەك لە دەستی خەڵك و بازاڕ بۆ ناو بانكەكان نەگەڕێتەوە، ئەمەش قەیرانی نەختینەی گەورەتر كردووە. ئاماژەی بەوەشكردووە، بارێكی گران خراوەتە سەر حكوومەت كە توانای هەڵگرتنی نییە، وەك دامەزراندنێكی زۆر كە تەنیا لەو كابینەكەی سوودانیدا، زیاتر لە 178 هەزار كەس دامەزراون و هاوكات لەو پارەی رۆژانە دێتە دەستی حكوومەت زیاتر خەرج دەكرێت. وتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی لە كاتێكدایە كە تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی تەنها 10 مانگی ئەمساڵیان وەرگرتووە و دیار نییە كەی مووچەی ئەم دوومانگە وەردەگرن.