\ بوار، تایبەت ئەمڕۆ ۳۱ی ۱۲ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری بە قەزا کردنی سێ ناحیەی پارێزگای دیالەی دەرکرد کە ناحیەکانی جەلەولا و قەرەتەپە و بەنی سەعدن. ئەنجومەنی پارێزگای دیاله بە بێ گەڕانەوە بۆ کورد و ڕەچاوکردنی مادەی ۱٤۰ بڕیاری بە قەزا کردنی ناحیەی جەلەولای قەزای خانەقین و ناحیەی قەرەتەپەی قەزای کفری درا . ناحیەی جەلەولا تا ئێستا لە ڕووی ئیداریەوە سەربە قەزای خانەقینە و ناحیەی قەرەتەپە پێشتر سەربە قەزای کفری بووە و ئێستا خراوەتە سەر قەزای مقدادیە و هەردوو ناوچەکە دوو ناوچەی ئیداری مادەی ۱٤۰ بوون . بەپێی زانیاریەکانی بوار تاکە ئەندامەکەی کورد لە ئەنجومەنی پارێزگاکە دژی بڕیارەکە بووە و دەنگی بە قەزا کردنی جەلەولا و قەرەتەپە نەداوە بەڵام ۱۳ کەس لەکۆی ۱٤ ئەندامی ئامادە بوو دەنگیان بەبەڵێ داوە. ناحیەی جەلەولا (گوڵاڵە) سەربە قەزای خانەقینە و دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٥ هەزار کەسە و ناحیەی قەرەتەپە دانیشتوانی نزیکەی ۳۰ هەزار کەس دەبێت و هەردوو ناحیەکە دانیشتوانیان کورد و عەرەب و تورکمانن و پێشتر بەر لێشاوی تەعریب کەوتوون.