پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام بەغدا لە بابەتی مووچە زوڵمی لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە، هاوكات جەختیش دەكاتەوە كە پێدانی زەوی بە فەرمانبەران وەك پاداشتێكە بۆ فەرمانبەران. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:بەردەوام بەغدا لە بابەتی مووچە زوڵمی لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بڕیاری سەرۆك وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، وەك پاداشتێكە بۆ فەرمانبەران و ئێمەش وەك دامەزراوەكانی حكومەت هاوكارین تا بە باشترین شێوە سوودمەندبن و چاوەڕێی لیستی وەزارەتەكانین تا ناوەكان ئامادە بكرێن. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ گرفتێكمان نییە و تەنانەت لەنێوان سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان بە بەردەوامی تیمی هاوبەشیان هەیە و زەوی ئامادەیان هەیە، هاوكات بەردەوام گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكەین زەوییەكان لەكوێ دەبن تا فەرمانبەران زۆرترین سوودی لێ وەربگرن. پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو فەرمانبەرانی هەرێم وەك پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە و چەند ساڵێكە سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.