گرنگ

داهاتی ساڵی ڕابردووی سلێمانی زیاتر لە 897 ملیار دیناربووە

2025-01-01

 

 ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاوی كردەوە، داهاتی ساڵی 2024 سلێمانی كە لە ڕێژەی تۆماری گەنجینەكانی پارێزگاكەوە وەرگیراوە، برتی بووە لە بڕی زیاتر لە 897 ملیار دینار، هاوكات بەراورد بە ساڵی 2023 داهاتی سلێمانی كەمیكردووە. ئەمڕۆ چوارشەممە 1/1/2025 ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاوی كردەوە، داهاتی ساڵی 2024ی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین كە لە (گەنجینەی ١، گەنجینەی ٢، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەنجینەی گەرمیان، گەنجینەی هەڵەبجە، گەنجینەی ڕاپەڕین)، كۆكراونەتەوە بریتییە لە ٨٩٧ ملیار و ٤٠٣ ملیۆن و ٩٨٢ هەزار و ٨٠٩ دینار. ئاماژەبەوەشكراوە، كە لەو بڕە پارەیەی كۆكراوەتەوە لە ٨٤٪ ی نەختینەیی و هەروەها لە ١١٪ ی بە چەك و لە ٥٪ ی بەشێوەی مقاسەسە بووە، هاوكات داهاتی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٤ دا كە لە ڕێژەی تۆماری گەنجینەكانی پارێزگاكەوە وەرگیراوە، كەمتر لە یەك ترلیۆن دینارە و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ داهاتی سلێمانی كەمیكردووە هەر بەگوێرەی ئاماری ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی ساڵی 2023ی سلێمانی بریتیبووە لە یەك ترلیۆن و ١٧٣ ملیار و ٦١٨ ملیۆن و ٣٥٣ هەزار و ٣١٥ دینار كە بەو پێیەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ داهاتەكە بە بڕی ٣١٠ ملیار دینار زیاتر بووە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ١٥ـی كانوونی یەكەمی٢٠٢٢ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی كەوتە كار و لە ئێستادا هاوڵاتییان دەتوانن لەڕێگەی ماڵپەڕی شەفافییەتەوە ئاگاداری داهاتی ڕۆژانەی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color