فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنن كە پەرلەمانتاران دەستیان بەستراوە و لیژنەكان دروست نەكراون تا بەدواداچوون بۆ كارەكانی حكومەت و هاوڵاتیان بكەن و دەڵێن، حكومەتی ماوە بەسەرچوو دەیەوێت حكومەت نەبێت و پەرلەمانیش كارا نەبێت. مستەفا عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەرلەمان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی كردووە، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیە بە كراوەیی ماوەتەوە، بۆیە ئەوان داوا دەكەن بە زووترین كات دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت و ئەو لایەنانەی دەیانەوێت لە دەستەی سەرۆكایەتی بن دەبێت پەلە بكەن لە پێكهێنانی رێككەوتنەكانیان، چونكە حكومەتی ماوە بەسەرچوو دەیەوێت حكومەت نەبێت و پەرلەمانیش كارا نەبێت و نەكەوێتە سەر سكەی خۆی. ناوبراو وتی "پەرلەمان كاری گرنگی هەیە لە دەركردنی یاسا و بەدواداچوون، ئەو هەموو قۆرخكاری و ستەمكاری و نەوت قرۆشتنە بە تاڵان، ئەگەر پەرلەمان كارا بێت و بەدواداچوون بكەین رێگری لەو كارانە دەكەین". هەروەها وتیشی "دەمانەوێت حكومەتی نوێ پێك بێت تا پەرلەمان بتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، بۆیە ئێمەی پەرلەمانتاران دەستمان بەستراوە و لیژنەكان دروست نەكراون، ئەگینا دەنگدەران دڵنیا دەكەینەوە، چۆن بەڵێنمان داوە چاوێكی تیژ بن، هەر بەو شێوەیە دەبین". فراكسیۆنی یەكگرتوو خاوەنی 7 كورسی پەرلەمانی كوردستان و بڕیاریشیان داوە بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەكەن و ببنە ئۆپۆزسیۆن.