بوار، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە یەكێتی لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ”ئەگەر بەشداری پێ بكرێت،“ هەمان ئەو سیاسەتە پەیڕەو نەكات كە لە كابینەی نۆیەمدا پەیڕەوی كردبوو. سەگڤان سندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فركسیۆنی پارتی بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە: زۆر گرنگە یەكێتی هەڵەی رابردوو دووبارە نەكاتەوە، لە كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی نەك ئۆپۆزسیۆن و لە دژی حكوومەت بوو، بەڵكوو ببووە دوژمنی سەرسەختی ئەو كابینەیەی كە خۆی تێیدا پۆستێكی زۆری وەرگرتبوو، كەچی هەر خۆی دژایەتیشی دەكرد. ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە بۆ كابینەی دەیەم، ئەو هەڵانەی كە لە كابینەی نۆیەم لە لایەن یەكێتییەوە بە ئەنقەست كران، دووبارە نەبێتەوە، بەوەی یەكێتی پێكهێنەرێكی سەرەكیی كابینەكە بوو، كەچی هەموو رێیەكی بۆ دژایەتیكردن و شكستپێهێنانی كابینەی نۆیەم دەگرتە بەر. پەرلەمانتارەكەی پارتی ئەوەشی وتووە، پێویستە یەكێتی ئەگەر بەشداری لە كابینەی دەیەمدا پێبكرێت، گەرەنتیی ئەوە بدات كە نیوە دەسەڵات و نیوە ئۆپۆزسیۆن نابێ و لە هەموو دەسەڵاتەكاندا پەیوەست دەبن بە بڕیارەكانی حكوومەتەوە، ئەگینا با بۆ خۆیان ببنە ئۆپۆزسیۆن، بزانین بە 23 كورسییەوە دەتوانن چی بكەن.