ئەندامێكی دەرچووی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات بە پێی ژمارەو داتاكەی وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی دوانزەش بە تەواوەتی لەبەردەست هەرێمە و بەلام دابەشی ناكات. عومەر گوڵپی، كاندیدی دەرچووی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی كوردستان بە بواری ڕاگەیاند: وەزارەتی دارایی ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە، لەو ڕاگەیەنراوەدا دەریخست كە نە وەزارەتی دارایی و نە هیچ كەس و دامەزراوەیەك لە حكومەتەكەی پارتی و یەكێتی نایانەوێت ڕاستیەكان بڵێن و هەمیشە خەریكی چەواشەكاریی ڕایگشتین. ئاماژەی بەوەشكرد، من بە زانیاریی وردو بەڵگەوە، ڕاستییەكان دەخەمە ڕوو، بەجۆرێك بە پێی داتاكانی خۆیان، بەغداد لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، نزیكەی 10 تریلیۆن و 752ملیار دیناری بۆ مووچە ناردووە بۆ هەرێم، هەرێمی كوردستانیش نزیكەی960 ملیار دیناری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە بەكارهێناوە، واتە 11 تریلۆن و 712 ملیار دینار بۆ مووچە خەرج كراوە، ئەم بڕەش پارەی پێویستە بۆ زیاتر لە دوانزە مووچە، چونكە مووچە تا مانگی حەوتی ئەمساڵیش پێویستی بە كەمتر لە 960 ملیار دینار هەبوو، بۆیە بە پێی ژمارەو داتاكەی وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی دوانزەش بە تەواوەتی لەبەردەست هەرێمە، ئەوەی باسكرد، بە پێی نووسراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، ژمارە (٣٠٧٥) لە (٢٨ی ٣ی ٢٠٢٤)، داهاتی هەردوو مانگی یەك و دووی سەرەتای ساڵی (٢٠٢٤)ی هەرێم بریتی بووە لە نزیكەی (٩٠٥) ملیار دینار، واتە بۆ مانگێك نزیكەی (٤٥٣ ملیار) دینار، دواتر گوتیان ئەم نووسراوەمان هەڵە بووەو داهاتی ناوخۆی هەرێم (بەبێ نەوت) مانگانە (٣٢٠ تا ٣٥٠ ملیار) دینارە، كەواتە ئەگەر ئەم ژمارەیەی دواییشان ڕاست بێت (كە زیاترە لەوەش)، ئەوە لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، هەرێمی كوردستان نزیكەی چوار ترلیۆن و 200 سەد ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، لەو بڕەیە كەمتر لە (٤٠٠ ملیار) دینار نێردراوە بۆ بەغدا، مانگانەش خۆیان دەڵێن نزیكەی (١٥٠ ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج دەكەین، واتە نزیكەی یەك ترلیۆن و 800 سەد ملیاردینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج كراوە. ئەوەشی ڕوونكردەوە، بەو پارەیەی نێردراوە بۆ بەغداو بەوەشی بۆ خزمەتگوزاریی خەرج كراوە، هەرێمی كوردستان لەو داهاتەی ناوخۆ دەستی كەوتووە دوو ترلیۆن دیناری لەبەردەستە، خۆیان دەڵێن لەو داهاتە نزیكەی (٩٦٠ ملیار) دیناریمان بۆ تەواوكاری مووچە بەكارهێناوە، كەواتە هەر بە پێی داهاتی خۆیان (بەبێ نەوت) نزیكەی یەك ترلیۆن و 40 ملیار دینار داهاتیان زیاترە لە هەموو پێویستی و خەرجییەكان، ئەمەش زیاترە لە پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی 12. عومەر گوڵپی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی سەیرە ئەوەیە، كۆمپانیاكانی نەوت دەڵێن ئێمە بەردەوامین لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، بە پێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەكانی كۆمپانیاكانی نەوت، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام وەزارەتی دارایی و هیچ كەس لە حكومەتە تاریكە كاربەڕێكەرەكەی پارتی و یەكێتی باسی ئەم داهاتە ناكات، كە بەمجۆرەیە: بەرمیلێك نەوت بە پاڵاوگەو بە تەنكەر بە نزیكەی نیوەی نرخە جیهانییەكەی لە (٢٠٢٤) فرۆشراوە، كە نزیكەی (٣٠ تا ٣٥ دۆلار) بووە، بەمجۆرە هەرێمی كوردستان لە ساڵی (٢٠٢٤)دا نزیكەی (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو بە تەنكەرو پاڵاوگە فرۆشتویەتی، پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتەش بریتیە لە سێ ملیارو 240ملیۆن دۆلار) كە بە پێی زانیارییەكانی خۆیان نیوەی بۆ كۆمپانیاكان و نیوەی بۆ هەرێمە، كەواتە لە فرۆشتنی نەوت، هەرێمی كوردستان دوو ترلیۆن و 430 ملیاردیناری بۆ ماوەتەوە ئەم پارەیەش بە تەنها بەشی خەرجكردنی زیاتر لە دوو مووچە دەكات. بۆیە هەر جۆرە لێدوانێكی بەرپرسانی گەورەو بچوكی هەرێم كە بڵێن ناتوانین مووچەی مانگی (١٢)ی ساڵی (٢٠٢٤) دابەش بكەین، درۆیەكی شاخدارەو نابێت خەڵكی كوردستان لێیان قبوڵ بكات