بوار، تایبەت وابڕیارە ڕۆژی یەك شەممە پەرلەمانی عێراق دەستبكاتەوە بە دانیشتەكانی خۆی، هاوكات لە دانیشتنی یەك شەممە و دوو شەممە چەندین پرۆژە یاسایی گرنگ خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت و چەند پرۆژە یاسایەكیش دەنگدانیان لەسەر دەكرێت. بەپێی زانیارییەکان، پەرلەمانی عێراق دەیەوێت یاسای دەزگای هەواڵگری عێراق پەسند بکات کە ڕێگە دەدات دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بارەگایان لە هەرێم هەبێت. بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی رۆژانی یەكشەممە و دووشەممەی پەرلەمانی عێراق، گرنگترین بەرنامەی كاری دانیشتنەكان برتین لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی سێ ساڵە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەست رژێمی بەعس و دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرت ئەنجام دەدرێت. بڕگەكانی دانیشتنەكەی رۆژی یەكشەممە ئەمانەن بڕگەی یەكەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای بنەماكانی هاوتابوونی بڕوانامەی عێراقی و بیانییەكان، ژمارە 20ـی ساڵی 2020 بڕگەی دووەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرت، ژمارە 32ـی ساڵی 2015 بڕگەی سێیەم: گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی، ژمارە 25ـی ساڵی 2016 بڕگەی چوارەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای رێكخستنەوەی كرێی خزمەتگوزارییەكان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت. بڕگەی پێنجەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینی گشتیی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 دەكرێت. بڕگەی شەشەم: خوێندنەوەی دووەم، بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانلێكەوتووانەی كە بەهۆی رەفتارەكانی رژێمی بەعس بەشێك لە جەستەیان لەدەستداوە بڕگەكانی دانیشتنەكەی رۆژی دووشەممە ئەمانەن بڕگەی یەكەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بڕگەی دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای تۆڕی میدیایی عێراقی، ژمارە 26ـی ساڵی 2015 بڕگەی سێیەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو، ژمارە 28ـی ساڵی 1998 بڕگەی چوارەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای پڕۆگرامسازانی عێراقی بڕگەی پێنجەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی بڕگەی شەشەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای مافەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، ژمارە 38ـی ساڵی 2013 بڕگەی حەوتەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان بڕگەی هەشتەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستنی مافی كەمینەكان بڕگەی نۆیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی سێ ساڵە (2023-2024-2025)، ژمارە 13ـی ساڵی 2023 بڕگەی دەیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای رێكخستنەوەی هەردوو سەندیكای كرێكاران و فەرمانبەرانی پیشەیی لە عێراق