بوار، تایبەت پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی یەكشەمەی دەنگ لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی دەدات كە وابڕیارە تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵییەوە بۆ 63 ساڵی بەرز بكرێتەوە. بەپێی كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە 12ـی كانوونی دووەم، دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای خانەنشینی عێراق بۆ ساڵی 2014 دەستپێبكات، بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق فەرمانبەر لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای كۆنی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین دەبێت. عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: لیژنەكەیان پێشنیارێكی پێشكەش كردووە بۆ هەموواركردنەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، بە ئامانجی هەمواركردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵەوە بۆ 63 ساڵ، و لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی سەرجەم پێویستییەكانی خانەنشینی بۆ ئەم هەمواركردنە گرنگە تەواو بوون. هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی عێراق لەكاتێكدایە كە سەرەڕای بەركاركردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە هێشتا ئەو بڕگەیەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق كاری پێنەكراوە.