پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە بەرانبەر گرێبەستەكەی وەزارەتی تەندرووستی سكاڵای یاسایی لە دادگای بەرایی هەولێر لەسەر وەزیری تەندرووستی تۆمار كرد د. بوخاری جەمیل، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند: تەواوی گرێبەستەكەی وەزارەتی تەندرووستیی هەرێم بۆ بە تایبەتیكردنی تاقیگە حكومییەكان نایاسایی و ناڕوونە و نهێنیی زۆری تێدایە، لەبەر ئەوەی بە تەنها كۆمپانیایەك قۆرخیكردووە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە بەرامبەر ئەو گرێبەستەدا لە دادگای بەرایی هەولێر سكاڵامان لەسەر وەزیری تەندرووستیی هەرێم تۆماركرد، داوای هەڵوەشانەوەی گرێبەستەكە دەكەین، چونكە ساڵی ڕابردوو 17 ملیار دینار بۆ خزمەتگوزاریی تەندرووستی لە هەرێم خەرجكراوە، بەڵام بەپێی گرێبەستە نوێیەكە دەبێت بە 170 ملیار دینار ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی دەستووری عێراق دەبێت خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكان بێبەرانبەر بدرێن بە هاوڵاتییان، هاوكات بەپێی یاسای وەزارەتی تەندرووستیی هەرێمیش نابێت لە بەرانبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندرووستی لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا پارە وەربگیرێت یان تەنها بڕە پارەیەكی كەم وەربگیرێت.