گرنگ

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و تەمەنی کۆمسیۆن درێژکرایەوە

2025-01-13

 

تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکرایەوەو لە ماوەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت. ئەمڕۆ ۱۳ی ۱ پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ کردەوە. کە لە پێنجی ئەم مانگەوە ماوەی یاسایی تەواو بوو بوو. لە چەند ڕۆژی ڕابردووش ئەنجومەنی دادوەری عێراق تەمەنی کۆمسیۆنی درێژکردەوە، چونکە پەرلەمان نەیتوانی لە ڕۆژی کۆتایی هاتنی کاری کۆمسیۆن تەمەنی کۆمسیۆن درێژبکاتەوە. بەپێی دەستوری عێراق، دەبێت پێش ۲٤ی مانگی ۱۱ی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت. چونکە دەبێت بەر لە ٤٥ ڕۆژ پێش تەواو بوونی ماوەی یاسای خوولی پێنجەمی پەرلەمان کە لە ۹ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو کۆتای دێت هەڵبژاردن بکرێت. دوای درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دێتە کایەوە، چونکە سەرکردەکانی  چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەت نوری مالیکی و هادی عامری دەیانەوێت یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێک هەموار بکەن ڕێگە لە سەرکەوتنی گەورەی سەدر و سودانی بگرن و یاساکە بەشێوەیەک بێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی ڕابردوو لەبەرژەوەندی سەدر نەبێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color