گرنگ

محەمەدی حاجی مەحمود: دەبێت عێراق سوپاسگوزاربێت لەگەڵ كورد هاوبەشبێت

2025-01-14

 

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئاماژەبەوەدەكات، دەبێت عێراق سوپاسگوزاربێت لەگەڵ كورد هاوبەشبێت جەختیشدەكاتەوە باهۆزی گۆڕانكاری ڕووی لە ناوچەكە كردووە و هیچ دەرفەتێك نییە بۆ سیاسەتی شكستخواردوویی، برسیكردن و پشتگوێخستن و نكوڵیكردن لە مافەكانی گەلی كورد. محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەعد جاسم ناسر، سەرۆكی حزبی داعی عێراقی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق بەوپەڕی وردبینییەوە لەو ڕاستییە تێبگەن، كە بەشداری كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا نە خێرە و نە ئیمتیاز، بەڵكو دەسكەوتێكی مێژووییە بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق و ئەبێت سوپاسگوزاربن، كە كورد لە بەغداد لەگەڵیان هاوبەشبێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، كورد بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی عێراق، فاكتەری سەرەكی سەقامگیری و پێكەوەژیان بووە و هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ ئاشتی و چارەسەری گرفتەكان، لەم قۆناغەشدا، كە باهۆزی گۆڕانكاری ڕووی لەناوچەكە كردووە چیتر هیچ دەرفەتێك نییە بۆ سیاسەتی شكستخواردوویی، برسیكردن و پشتگوێخستن و نكوڵیكردن لە مافەكانی گەلەكەمان و دەبێت ڕۆڵی ئەرێنی كورد بە گەرەنتی دەستووری و پراكتیكی پاراستنی مافەكانی وەڵامبدرێتەوە. سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئەوەشی وتووە، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگی دۆزینەوەی میكانیزمێكی نوێ بۆ چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كۆتاییهێنان بەو شێوازی مامەڵەیەی لەگەڵ خەڵك و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color