ئێوارەی ئەمڕۆ ۲۱ی ۱ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر سێ پڕۆژە یاسادا کە بریتی بوون لە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی بۆ خاوەنەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ڕژێمی پێشووی عێراق و پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق و پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی.
هەریەک لەو پڕۆژە یاسایانە بەپڕۆژەی پێکهاتەیەک دادەنرێت و کورد دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و موڵک بۆ خاوەنەکانیان بە مەرج دانا تا دەنگ بەدوو پڕۆژە یاساکەی تر بدات و کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی بەعس زەوی جوتیارانی کورد دەستی بەسەردا گیراوەو داگیر کراون و بەگشتی نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم زەوی دەبێت و زۆرینەی لە پارێزگای کەرکوکە و یاساکە پێنج مادە لەخۆ دەگرێت و لەلایەن عەرەبی سونە دژایەتی زۆر کرا بەو پێیەی زەوی کورد و تورکمان دەستی بەسەردا گیراوەو دراوەتە عەرەبی سونە و لەبەرامبەردا سونە داوای تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتیان دەکرد بە ئامانجی لێبوردن و ئازادکردنی هەزاران زیندانی و داواکراو کە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕێکخراوە توندڕەوەکانیان دراوەتە پاڵ و پڕۆژە یاساکە ڕووبەڕووی دژایەتی شیعەکان بووەوە.
شیعەکانی عێراق داوای هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق دەکرد و دەیانەوێت بنەماکانی مەزهەبی شیعە لە یاساکە بچەسپێنن و پڕۆژە یاساکەیان ڕووبەڕووی ناڕەزایی کورد و سونە بووەوە.
پێشتر هەرسێ پێکهاتەکە تاڕادەیەک گەیشتنەتە نیمچە ڕێکەوتنێک تا هەرسێ پڕۆژەکە تێپەڕێنرێت و هەرکام لە پێکهاتەکان لەبەرامبەر دەنگدان بە یاسای دڵخوازی خۆیان دەنگ بەیاساکانی تر دەدەن و هەرسێ یاساکە بەڕێکەوتن تێپەڕێنرا و بەشێوەی تەوافوق و بەیەک پاکێج دەنگی لەسەر درا.