بوار، تایبەت
راوێژكاری ئەنجوومەنی رۆحانیی كوردانی ئێزدی ئاماژە بەوەدەكات، بەهۆی بارودۆخی ئابوری هاووڵاتیان و خراپی باری داراییان بڕیاریان داوە مارەیی كچانی ئێزدی لە 75 گرام زێڕەوە كەم بكرێتەوە بۆ 25 گرام، هاوكات سزای جیابوونەوەش بە 10 ملیۆن دینار دیاریكردووە.
خالید نەرمۆ، راوێژكاری ئەنجوومەنی رۆحانی كوردانی ئێزدی بە راگەیاند: بەهۆی ئەوەی ئێزدییەكان لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری و سیاسیدان، نرخی زێڕیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری كچ و كوڕانی ئێزدی بڕی مارەیی لە 75 گرامەوە بۆ 25 گرام كەمكردەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجوومەنی رۆحانی كوردانی ئێزدی دوایین كۆبوونەوەی خۆیان بەڕێوەبرد لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا نرخی مارەیی كەم بكرێتەوە، هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ماوەی هەفتەیەك بە موختاری گوندەكان، سەرۆك هۆزەكان و هاووڵاتییان بدرێت تاوەكو بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بڕیارە بڵێن، دواتر كە كەوتە واری جێبەجێكردنەوە، پێیەوە پابەند دەبن.
راوێژكاری ئەنجوومەنی رۆحانی كوردانی ئێزدی ئەوەشی خستەڕوو، یەكێكی دیكە لەو تەوەرانەی لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆی لەسەر كراوە، دانانی سزا بووە بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، بەجۆرێك بڕی 10 ملیۆن دینار دیاریكراوە وەك سزای جیابوونەوەی هاوسەرانی ئێزیدی ئەوە دوای ئەوەی دەركەوت كە هەر لایەنێك هۆكاری جیابوونەوەكە بێت، پێویستە 10 ملیۆن دینار بدات.