گرنگ

لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، سودانی پاشگەز دەبێتەوە و دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات

2025-01-22

 

بوار، تایبەت
لەگەڵ ئەوەی پێشتر سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی ئاراستەی پەرلەمان كردبوو تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و هاوكات خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كرابوو، بەڵام لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا سودانی لەو پێشنیازەی پەشیمان بووەتەوە و پێشنیازێكی نوێی ناردووەتە پەرلەمان.

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند حكومەتی عێراق لە دەقی پێشووی خۆی پاشگەز بووەتەوە و پێشنیازێكی نوێی خستووەتە بەردەم پەرلەمان ئەو هەنگاوە ئاڵۆزیی زیاتر لە پرۆسەی پەسندكردنی هەموارەكە دروست دەكات، كە بەپێی دەقی پێشنیازە نوێیەكە، هەرێمی كوردستان دەبێت سەرجەم داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمە نەوتییەكان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، بە تەواوی رادەستی خەزێنەی گشتی بكات.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، سوودانی بەهۆی فشاری لایەنە سیاسییەكانەوە ئەم هەنگاوەی ناوە، ئەمەش كێشە و ئاستەنگی زیاتر بۆ تێپەڕاندنی هەموارەكە دروست دەكات، بەتایبەتی كە پێشتر بەشێك لە لایەنە شیعەكان لەسەر ئەو پرسە ناكۆك بوون.
 
دەقە پێشنیازكراوە نوێیەكە لەبارەی دەستكردنەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمە بەم جۆریە،
بە پشتبەستن بە بڕگەكانی (أ) و (ب) لەم بەندە، پێویستە داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمەكانی بە ناوخۆیی و دەرەكییەوە بە تەواوی و بێ هیچ كەمكردنەوەیەك رادەستی خەزێنەی گشتی بكرێت، بەپێی ئەو رێوشوێنانەی كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق دا كاری پێدەكرێت، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی هەمواركراو، پێویستە تێچووەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە هەژمار بكرێن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color