بوار، تایبەت وابڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەردوو شاندی تەكنیكی پارتی و یەكێتی بۆ جاری پێنجەم كۆببنەوە و لە كۆبوونەوەی ئەمجارەشدا باس لە دەستەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم سەرۆكی حكومەت جێگرەكانیان و هاوكات دەستەڵاتی وەزیر و بریكارەكانیان دەكرێت، هاوكات شێوازی حوكمڕانیش یەكلایی دەكەنەوە. بەگوێرەی زانیاریەكانی بوار، بڕیارە لە ڕۆژی یەك شەممە جارێكی دیكە هەردوو شاندی تەكنیكی پارتی و یەكێتی بۆ جاری پێنج كۆببنەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ڕەشنوسێك ئامادە بكەن كە تایبەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگرەكانیان، دەسەڵاتی وەزیر و بریكاری وەزارەتەكان، هاوكات ئەو ڕەشنوسەی ئامادەی دەكەن دەیدەنە شاندی باڵای هەردوولا بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدەن. ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا نەخشەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و شێوازی حوكمرانی ودەستەڵاتە ئیداری وداراییەكان گفتوگۆی لەبارەوەدەكرێت، بۆ ئەوەش ڕەشنووسێك بۆ كۆبووەنەوەی باڵای نێوان هەردوو لا ئامادە دەكرێت. ئەندامانی شاندی تەكنیكی پارتی پێكهاتوون، لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح، هاوكات ئەندامانی شاندی تەكنیكی یەكێتیش پێكهاتوون لە د.ڕێواز فایەق، ئامانج رەحیم و شاڵاو شێخ سەڵاح، دوای ئەم كۆبوونەوەیەش جارێكی دیكە هەردوو حیزب لەسەر ئاستی باڵا كۆدەبنەوە بۆ بریاردان لەسەر ڕەشنووسە ئامادەكراوەكە و پێكهێنانی حكومەت.