گرنگ

لە كۆبوونه‌وه‌ سێ كاتژمێرییه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى و بافڵ تاڵه‌بانى باسی چیكرا؟

2025-01-24

 

رۆژی 15ی كانونی دووەم، دوور لە چاوی میدیاكان، هەر یەك لە بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لەشاری هەولێر كۆبونەوە. بەشێوەیەكی فەڕمی هیچ كام لە نوسینگەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی راگەیاندراویان لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بڵاونەكردووەتەوە. لای خۆیەوە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئەنجامدانی كۆبونەوەكەی بۆ میدیاكان پشت ڕاستكردەوەو ڕایگەیاند كە مەسرور بارزانی لەشاری هەولێر پێشوازی كردووە لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی. لای خۆیەوە بوار لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا بەدواداچوونی بۆ ناوەرۆكی كۆبونەوەكە كردووەو لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی جیاواز گفتوگۆی كردووە. به‌پێى ئەو زانیارییانەی لەگفتوگۆكاندا بوار دەستیكەوتووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كەدا بافڵ تاڵه‌بانى داواى رێككه‌وتنێكى ستراتیژى كردووه‌. بەم هۆیەوە ئاڕاسته‌ى كۆبوونه‌وه‌كە بووەتە بناغەیەك بۆ ئاسانبوونی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم. بوار زانیویه‌تى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ سێ كاتژمێرییه‌ى نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، هەر یەك لە پارتی و یەكێتی بەرەو ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی ستراتیژی بردووەو لە ئێستادا بەشێك لە ره‌شنووسى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى بەناوی پارتییەوە لاری نەبوونی لەسەر ئەنجامدانی ئەو ڕێككەوتنە بە بافڵ تاڵەبانی ڕاگەیاندووەو ئەوەشی پێ ڕاگەیاندووە ئەوان بۆ بەستی ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە مەرجی خۆیان هەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color