سەرەڕای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ، بەڵام بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێم بەردەوامە. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم لە ڕاپۆرتەکانیان ئاماژەیان بە بڕی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکان لە چارەکی کۆتایی ساڵی ۲۰۲٤ داوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکان و بەدواداچونەکانی بوار ڕۆژانە بڕی ۳٥۰ تا ۳٦۰ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان دەردەهێنرێت. پارێزگای دهۆک لە پلەی یەکەمی بەرهەم هێنانی نەوت دێت بە نزیکەی ۱۹۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. دواتر پارێزگای هەولێر دێت بە ۱۳۰ تا ۱٥۰ هەزار بەرمیل و پارێزگای سلێمانی پلەی سێیەمی هەیە بە بەرهەمهێنانی نزیکەی ۳۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە پارێزگای دهۆک پێنج کێڵگە بەردەوامن لە بەرهەم هێنانی نەوت. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە هەردوو کێڵگەی فیشخابور و تاوکێ ڕۆژانە ٨۲ هەزار و ۲۰۰ بەرمیل نەوت بەرهەم هاتووە. کە ۲۹هەزار و ۷۰۰ بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەی تاوکێ و ٥٤ هەزار و ٥۰۰ بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەی فیشخابورە بووە. کێڵگەی شێخان کە کۆمپانیای گوڵف کیستۆن بەڕێوەی دەبات. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە بەرهەمی ڕۆژانەی ٤٦ هەزار بەرمیلە. کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسەنگ کە شاماران پترۆڵیۆم بەڕێوەی دەبات بەرهەمیان ٥۹ هەزار و ۳۰۰ بەرمیل بووە. لەو ژمارەیە ۲۷ هەزار و۷۰۰ بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەی سەرسەنگ بووە. لە پارێزگای هەولێر کێڵگەی خوڕمەڵە بەردەوامە لەبەرهەمهێنان. کۆمپانیای کار سەرپەرشتی دەکات. بەڵام هیچ داتایەکی بەرهەم هێنان بڵاو ناکاتەوە. پێشتر ڕۆژانە بەرهەمی كێڵگەی خورمەڵە لە نێوان ۱٤۰ تا ۱۷٥ هەزار بەرمیل بووە. ئێستا بە لەبەرچاو گرتنی بەرهەم هێنانی ڕۆژانەی ۹۰۰ هەزار پێ سێجا غاز لە کێڵگەکەکە هاوەڵی نەوتە و دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا دەتوانرێت بەرهەمهێنانی نەوت بە زیاتر لە ۱۳٥ هەزار بەرمیل ڕۆژانە بخەمڵێنرێت. کێڵگەی هەولێر کۆمپانیای فۆرزا پترۆلیۆم سەرپەرشتی دەکات و لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاماژەی بەبەرهەم هێنانی ۹هەزار و ٦۰۰ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کردووە. لە پارێزگای سلێمانی لە کێڵگەی کۆرمۆر کۆمپانیای داناگاز ڕۆژانە نزیکەی ۱٨ تا ۲۰ هەزار بەرمیل نەفتا بەرهەم دەهێنێت. کێڵگەی حەسیرە لە گەرمیان کۆمپانیای گاز پڕۆم سەرپەرشتی دەکات بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی ۱۰ بەرمیلی ڕۆژانەیە. نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکانی هەرێم دەفرۆشرێتە چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆی و بەشێکی لەناوخۆی هەرێم دەپاڵێورێت و بەشی زۆری بەتانکەر ڕەوانەی ئێران و تورکیا دەکرێت.