بوار، تایبەت ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات كە حكومەتی هەرێم دوو پیشنیاری نوێی ئاراستەی بەغدا كردووە بە ئامانجی چارەسەركردنی گرفتی نەناردنی مووچە، هاوكات بڕیارە سبەی شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و بودجە كۆببنەوە. خەلیل دۆسكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: حكومەتی هەرێم دوو پێشنیازی نوێی ئاراستەی بەغدا كردووە بەجۆرێك یەكێك لە پێشنیازەكان برتییە لەوەی تەواوی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بكەن، بەو مەرجەی بەغدا پشكی هەرێم لە بودجە رەوانە بكات. ئاماژەی بەوەشكرد، پێشنیازی دووەم ئەوەیە حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە تەواویی خەرج بكات، لە بەرامبەردا هەرێم لە %50ی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بكات، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی حكومەتی عێراقی دیار نییە لەم بارەیەوە. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی وتووە، بڕیارە سبەی یەك شەممە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و رێككەوتنێكی گرنگ لەبارەی خەرجكردنی مووچە و داهاتی ناوخۆ ئەنجام بدەن.