ئەگەری ڕاگرتن و پێداچوونەوە بە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە هەیە بەهۆی بڕیارێکی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکاوە.
بەپێی بڕیارێکی دۆناڵد تڕامپ، پێدەچێت هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕابگیرێت و لە ماوەی سێ مانگدا پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت.
بەپێی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم هاوکارییە دارایەکانی ئەمەریکا لە وڵاتانی جیهان ڕادەگیرێت بەهاوکاری مرۆیی و سەربازییەوە. تەنها هەردوو وڵاتی میسر و ئیسرائیل لەو بڕیارە بەدەرکراون.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە بواری ڕاگەیاند «وەک مانگەکانی ڕابردوو لیستی ناوی پێشمەرگەو ئەفسەری لیوا هاوبەشەکانمان بۆ هاوکاری ڕەوانەی هاوپەیمانان کردووە و چاوەڕێی تەمویلین. تا ئێستا هیچ پەیامێکمان پێنەگەیشتووە بڕیارەکە هاوکاری پێشمەرگە دەگرێتەوە یان نا».
بەپێی بڕیارێکی سەرۆکی ئەمەریکا هاوکاری دارایی بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگیراو بڕیاری ڕاگرتن و پێداچوونەوە بەسەرجەم هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دراوە.
لە یاسای بودجەی بەرگری ئەمەریکا بۆ ساڵی ۲۰۲٥ بڕی ۳٨۰ ملیۆنو ۷٥٨ هەزار دۆلار بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکراوەو نزیکەی ٦۹ هەزار پێشمەرگەی سەربە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە مانگانە لێی سودمەند دەبن.