گرنگ

بەرهەمهێنانی نەوت، لە هەرێم کێشەی تێکەوت

2025-01-25

 
بەرهەمهێنانی نەوت لە چوار کێڵگەی نەوتی هەرێم ڕاوەستاوەو هەر چوار کێڵگەکە گرفتیان هەیە و لەلایەن کۆمپانیا تورکیەکانەوە بەڕێوە دەبران.
لەدوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە مانگی ئازاری ساڵی ۲۰۲۳، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تەقتەق و سارتا و باشیک و چیاسورخ گەیشتوەتە ئاستی ڕاوەستان.
کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکی ساڵی ڕابردوو بەهۆی گرفتی تێکەڵبوونی ئاو کارکردنی لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ ڕاگرت. کە پێشتر ڕۆژانە نزیکەی دوو هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرا، بەڵام بەهۆی نەتوانینی چارەسەرکردنی گرفتەکە و لێنەدانی بیری نوێ کارەکانی ڕاگرت.
کێڵگەی باشیک لە قۆناغی یەکەمی پەرەپێداندا بوو و بەرهەمی نریکەی هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو بەهۆی ناڕونی چارەنوسی کەرتی نەوتی هەرێم پەرەپێدانی ڕاوەستاو بەرهەم هێنان گەیشتووەتە سفر. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پلانی نیە بیری نوێ لێ بدات.
کێڵگەی سارتا کە کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی تورکی بەڕێوەی دەبرد بەهۆی گرفتی تەکنیکی و کێشەی تێکەڵبوونی ئاو ئاستی بەرهەمی لە ماوەی دوو ساڵدا لە دەهەزار بەرمیلەوە گەیشتە کەمتر لە دوو هەزار بەرمیل و ئێستا نزیک بووەتەوە لەسفر.
کێڵگەی تەقتەق ئاستی بەرهەمی دابەزیوە بۆ دوو هەزار بەرمیل نەوت و پێویستە ئاوی تێکەڵبوو لەنەوتی دەرهێنراو جیابکرێتەوەو ئەوەش کۆمپانیای بەرهەمهێنی ناچار کردووە هەندێ جار بەرهەم هێنان ڕابگرێت تا نەوتی دەرهێنراو لە ئاو پاک دەکاتەوە و دۆخی کێڵگەکە بەشێوەیەکە لەلێواری داخستنی یەکجاریدایە.
کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە ساڵی ۲۰۱۳ بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی ۱٥۰ هەزار بەرمیل بووە کە ئەوکات ٦۰ لەسەدی کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستان بوو.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color