دابەشبوونی بەرەی تورکمانی بەردەوامە و هاکان فیدان لەگەڵ باڵی حەسەن تۆران کۆبۆوە. لەسەردانی ئەمڕۆی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا لەگەڵ شاندێکی بەرەی تورکمانی کۆبوەوە کە باڵی سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی بوون. هاکان فیدان لەگەڵ حەسەن تۆران سەرۆکی بەرە و مەحەمەد سەمعان ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەو سەوسەن جدوع ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوەوەو هیچکام لە ئەرشەد ساڵی سەرۆکی باڵی دەرەوەی سەرکردایەتی و ئەحمەد ڕەمزی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەشداری کۆبونەوەکەیان نەکردووە. بەپێی ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە ئاڕاستەی سەرکردایەتی بەرە لە کۆبونەوەکەدا شاندی بەرەی تورکمانی نیگەرانی خۆیان لە بڕیاری دادگای ئیداری لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک و پڕکردنەوەی پۆستەکانی ئیدارەی کەرکوک لەلایەن ڕێکخراوی بەدر و باڵی ئەرشەد ساڵحی گەیاندووەتە وەزیری دەرەوەی تورکیا. باڵی سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی بێهیوا بووە لەو سیاسەتەی لە کەرکوک پەیڕەوی کردووە و پێیوایە بەدەست بەتاڵ لە هاوکێشەکە هاتووەتە دەرەوە و نوێنەرایەتی لەناو تورکمان لاواز بووە. دابەشوونی بەرەی تورکمانی لە دوای دوورخستنەوەی ئەرشەد ساڵحی لە سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی دروستبوووەو لە دوا هەڵبژاردندا هەریەک لە کاندیدی ئەرشەد ساڵحی و لیستی کەرکوکونای چوارچێوەی هەماهەنگی کەنوێنەرایەتی تورکمانە شیعەکان دەکەن نیوەی دەنگی تورکمانیان لە پارێزگای کەرکوک بەدەستهێنا.