ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق واژوۆیان لەسەر پێشنیازە یاسایەك كردووە كە هەر فەرمانەرێكی شارستانی یان سەربازی ئەگەر بەشداری پرۆسەی دەنگدان بكات، شەش مانگ سەرەمووچەی بۆ پێش دەخرێت و ئەوانەشی دانەمەزراون دادەمەزرێن، هاوكات ئەگەر كەسێك لە كەرتی تایبەت كار بكات و بەشداری دەنگدانی كردبێت، لە 10%ی ئەو باجە دەبەخشرێت كە لە ئەستۆیدایە. عامر عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كە خاوەنی بیرۆكەی ئەو پێشنیازەیاسایەیە، رایگەیاند: پێشنیازە یاساكە بە ناوی (هاندانی هەڵبژاردنە) و ژمارەیەك لە پەرلەمانتار واژۆیان لەسەركردووە و پێشنیازەیاسایەمان رادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە مەحموود مەشهدانی، سەرۆكی پەرلەمان رەزامەندیی دا بۆ ئەوەی رەوانەی لیژنەی یاسایی بكرێت.. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەگوێرەی پێشنیازەیاساكە هەر فەرمانبەرێكی مەدەنی و سەربازی بەشداری هەڵبژاردن بكات، شەش مانگ سەرەمووچەی پێش دەخرێت، ئەگەر دەنگدەرەكە فەرمانبەر نەبوو، لە دەرفەتی دامەزراندن دەخرێتە پێش ئەو كەسانەی بەشداریی هەڵبژاردنیان نەكردووە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر كەسێك لە كەرتی تایبەت كار بكات و بەشداری دەنگدانی كردبێت، لە 10%ـی ئەو باجە دەبەخشرێت كە لە ئەستۆیدایە، بەو مەرجەی بڕی پارەكە یەك ملیۆن دینار تێپەڕ نەكات، هاوكات ئامانج لەو پێشنیازەیاسایە، هاندانی دەنگدەرانە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن وەك ئەوەی لە هەندێك وڵات پەیڕەو دەكرێت. ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە دوایین هەڵبژاردن كە لە عێراق كرابێت، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوو لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2023 و رێژەی بەشداری 41%ـی ئەو دەنگدەرانە بوو، كە دەیانتوانی لەو هەڵبژاردنە بەشدار بن.