کۆمپانیای داناگاز و نەفت هیلالی ئیماراتی لە چەمچەماڵ و ناوچە کێشە لە سەرەکانی پارێزگای دیالە دەست بە دەرهێنانی غاز دەکەن. کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی لە کێڵگەی گڵابات (قەمەر) لە نێوان قەرەتەپە و کفری دەست بەکار دەکات و سنوری کارکردنی بەشێکی لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە و بەشێکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکاندایە. کۆمپانیای داناگاز پلانی لێدانی سێ بیری نوێ و خستنەکاری سێ بیری تری لە کێڵگەی غازی چەمچەماڵ هەیە. کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵات و باکوری سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین کێڵگەی غازی هەرێمی کوردستان بێت. هەردوو کۆمپانیای نەفت هیلال و داناگاز لە ساڵی ۲۰۰۷ ەوە لە هەرێمی کوردستانن و کێڵگەی کۆرمۆر بەڕێوە دەبەن. كە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنی غازن لە ئاستی عێراق. بەپێی زانیاریەکانی بوار، دەسپێکی کاری هەردوو کۆمپانیاکە بە ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و بەغدا دەبێت و هەردوو کۆمپانیا ئیماراتییەکە گرەنتی ئەمنی و ئابوریان لە بەغداو یەکێتی وەرگرتووە بەتایبەت بۆ کێڵگەکەی پارێزگای دیالە کە ناوچەی تەماسی نێوان هێزەکانی یەکێتی و بەغدایە. لە کۆتای مانگی ئابی ڕابردوو هێزێکی حەشـــ.ـــدی شەعبی لە قەرەتەپە پێشڕەویان کرد بە ئاڕاستەی کفری و ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتەكانی ئەو ناوچەیە دابگرن کە بەشێکە لە کێڵگەی گڵابات بەڵام جوڵاندنی هێز لەلایەن یەکێتیەوە هێزەکەی حـ.ـەشـ.ـد ناچار بە پاشەکشە بوو.