لەکۆبونەوەی ئێوارەی دوێنێ، ۲۹ی ۱، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق بڕیاردرا ڕۆژی یەکشەممە ۲ی شوبات دەنگ لەسەر هەمواری مادەی ۱۲ی یاسای بودجە بدرێت تا هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە. کۆبونەوەکە لە ماڵی سودانی بە ئامادە بوونی جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامدرا. سودانی داوای کرد دەنگ لەسەر ئەو هەموارە بدرێت کە حکومەتی عێراق پەسەندی کردووە و تێچووی دەرهێنانی نەوت بە ۱٦ دۆلار بۆ بەرمیلێک دانراوە. سودانی بە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ڕاگەیاندووە «ئەو هەموارە تاکە ڕێگایە هەناردەی نەوت لەڕێگای سۆمۆوە دەست پێبکاتەوە». بڕیار بوو ڕۆژی ۲۱ی ئەم مانگە دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە بدرێت، بەڵام گروپێک پەرلەمانتاری شیعە کە خۆیان بەنوێنەرانی باشور و ناوەڕاستی عێراق ناودەبەن ڕێگر بوون لەتەواوکردنی نیسابی کۆبونەوەی پەرلەمان و دەنگدان بەیاساکە.