دوای خانەنشین بوونی هەریەكە لە پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەكەی، ماوەی دوو ڕۆژە ئەو دوو بەرپرسەی هەڵەبجە پۆستەكانیان جێهێشتووە و ئێستا كەس لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە نییە ئیش وكارەكانی پارێزگای هەڵەبجە راپەڕێنێت و ئەو پارێزگایە كەوتووەتە بۆشایی یاساییەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، ماوەی دوو ڕۆژە هەریەكە لە ( ئازاد تۆفیق) پارێزگاری هەڵەبجە و ( شاهین حەمەڕەزا) جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕۆشتوونەتەوە ماڵەوە و دەستیان لە ئیش و كارەكانیان هەڵگرتووە ئەوەش بەهۆی تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خانەنشین بوونیانەوە. ئاماژە بەوەشكراوە، ئێستا لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە هیچ كەسێك نییە بتوانێن جیگەی ئەو دوو بەرپرسەی ناو دیوانی پارێزگای هەڵەبجە بگرێتەوە و هاوكات بەگوێرەی یاساش قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەش ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی پارێزگار و واژۆ لەسەر نوسراوەكان بكات ئەگەر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ ئەو كارە ڕانەسپێردرێت. لە زانیارییەكانی بوار ئەوەشهاتووە كە تا ئەمڕۆ پێنج شەممە نە لایەن كێتی نشتیمانی كوردستانەوە نە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە هیچ كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە ڕانەسپێردراوە و ئەو كەسانەشی كە باسیان لێوەدەكرێت ببنە پارێزگاری هەڵەبجە كە بریتین لە ( شاهۆ عوسمان، مەهاباد كامیل و نوخشە ناسیح) ڕەتی دەكەنەوە لەلایەن حزبەوە داوایەكی لەو شێوەیەیان لێكرابێت.